حکوومەتی بەڕازیل: واشنتن چاوی لە یەدەگی کانزاکانمانە

گلاوبر براگا، پەرلەمانتاری بەڕازیلی، هۆشداریی دەدات لە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە سروشتییەکان. 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ریا نۆڤۆستی"ی ڕووسی، براگا ڕایگەیاند؛ سیناریۆی ڤەنزوێلا ئەگەری دووبارەبوونەوەی لە بەڕازیل هەیە، ئەگەر حکوومەتی وڵاتەکەی ڕەتبکاتەوە بە ئارەزووی خۆی یەدەگی "زەوییە دەگمەنەکان" ڕادەستی ئەمەریکا بکات. ناوبراو سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بە "تیرۆری نێودەوڵەتی" وەسف کرد و داوای بەرپەرچدانەوەیەکی جیهانی کرد.

بەڕازیل خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی جیهانە لە کانزاکانی "زەوی دەگمەن" (Rare Earth Elements). سەرۆک لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕێکخستنی ئەم کەرتە بەجۆرێک کە سەروەری نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی بەڕازیل بپارێزێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگری لە چاوچنۆکی هێزە دەرەکییەکان دەبینرێت.

ئەم هۆشدارییەی براگا دوای ئەوە دێت کە لە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیان دەستگیرکرد و بۆ نیویۆرک گواستیانەوە. براگا ستایشی هەڵوێستی سەرۆک لولای کرد لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشە، بەڵام داوای لێکرد زیاتر کار بکات و بێتە "ڕێکخەری نێودەوڵەتی" بۆ فشارخستنە سەر واشنتن بەمەبەستی ئازادکردنی مادورۆ.

لە کاتێکدا کە کاراکاس داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە، وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور بە توندی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکایان ئیدانە کردووە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانیان وەسف کردووە.

پەرلەمانتارە بەڕازیلییەکە ئاماژەی بەوەش کرد؛ هەڕەشەکانی واشنتن تەنیا بۆ بەڕازیل و ڤەنزوێلا نییە، بەڵکو وڵاتانی وەک کۆڵۆمبیا و کوباش دەگرێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی گرژییەکان لە کیشوەری ئەمەریکای لاتین.