مادورۆ 113 تۆن زێڕی ناردووەتە سویسرا

بە گوێرەی تۆمارە گومرگییەکانی حکوومەتی ڤەنزوێلا، لە ساڵانی سەرەتای دەستبەکاربوونی نیکۆڵاس مادورۆ وەکو سەرۆکی وڵات، بە بەهای 5.20 ملیار دۆلار کە دەکاتە 4.14 ملیار فڕانکی سویسری، زێڕی ناردووە بۆ سویسرا.

چوارشەممە 7ـی کانوونی دوەمی 2026، حکوومەتی نوێی ڤەنزوێلا، زانیاریی گومرگی وڵاتەکەی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی نیکۆڵاس مادورۆ وەکو سەۆرکی وڵات تاوەکو 2025 لە بارەی هەناردەکردنی زێڕ بۆ سویسرا وەکو پاڵپشتی ئابووری ڤەنزوێلا ئاشکرا کردووە. 

بە گوێرەی داتا گومرگییەکان، لە 12 ساڵی حووکمڕانی مادورۆ دا، ڤەنزوێلا 113 تۆن زێڕی ناردووە بۆ سویسرا، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین مامەڵەکانی فرۆشتنی زێڕ لە جیهاندا کە مادورۆ بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری وڵاتەکەی ئەو بڕە زۆرەی زێڕی فرۆشتووە. 

میدیاکانی سویسرا پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئاشکرایان کردووە، ئەو بڕە زۆرەی زێر کە هاتووەتە ناو سویسرا لە بانکی ناوەندی ڤەنزوێلاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدابووە کە حکوومەتی ڤەنزوێلا زێڕی دەفرۆشت بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی پاڵپشتی بکات.

تۆمارە گومرگییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، ڤەنزوێلا لە ساڵی 2017ەوە کاتێک لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێنرا، تاوەکو ساڵی 2025 هیچ بڕە زێڕێکی هەرناردەی سویسرا نەکردووە.

شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، بە چڕی پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد هەورەها ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

هەمان ڕۆژ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر ڤەنزوێلا و دەستگیریکردنی سەرۆکەکەی گوتی: لەسەر فەرمانی من هێزەکانمان هێرشێکی بێوێنەیان کردە سەر پایتەختی ڤەنزوێلا.

گوتیشی: ئامانجی هێرشەکەمان لە نێوبردنی نیکۆلاس مادورۆ دیکتاتۆر و پەلکێشکردنی بۆ دادگا بوو، کە لە شەوێکی تاریک دەستگیر کرا و لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە نیویۆرک دادگایی دەکرێت.

ترەمپ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: ئێمە وڵاتی ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین تا ئەو کاتەی گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و دروست لە دەسەڵاتدا ڕوو دەدات؛ ئەمە خواستی ئێمەیە بۆ گەلە مەزنەکەی ئەو وڵاتە. گوتیشی: ئێمە لەوێ دەمێنینەوە تا ئەو کاتەی هەلومەرجەکە دەگۆڕێت و دۆخەکە گونجاو دەبێت، جەختیشی کردەوە، نامانەوێت تێوە بگلێین لەوەی کەسێکی دیکە بێتە شوێنی و لە کۆتاییدا تووشی هەمان دۆخی ئێستا ببینەوە.

سەبارەت بە کەرتی ئابووری و نەوت، ترەمپ ئاشکرای کرد: کۆمپانیا گەورەکانی نەوت دەبەینە ڤەنزوێلا، بۆ ئەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە چاک بکەنەوە و داهات بۆ وڵاتەکە پەیدا بکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر شێوازی هێرشەکە گوتی: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی ئاسمانی، وشکایی و دەریایی بەکارهێنراون و پلانمان بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشەکان دانابوو کە فراوانتر بێت، بەڵام ئەنجامی شەپۆلی یەکەم دڵخۆشی کردین و بەس بوو، دووپاتیشی کردەوە، هیچ کارمەند و سەربازێکی ئەمەریکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکوژراون.

لە بارەی چارەنووسی مادورۆ دوای گەیشتنی بە ئەمەریکا، ترەمپ ڕایگەیاند: مادورۆ و هاوسەرەکەی سەرەتا دەبرێنە نیویۆرک، بەڵام پاشان دەگوێزرێنەوە بۆ شاری مەیامی، هەر لەوێ دادگایی دەکرێن و سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.