نووسینگەی فەرهاد ئەترووشی: هیچ ڕێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی بڕیاردەری پەرلەمان نییە

فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی بڕیاردەری پەرلەمان بۆ پێکهاتەی کریستیان دەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەدراوە.

چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە هیچ شێوەیەک، هیچ بڕیارێکی فەرمی یان ڕێککەوتنێک، لەنێوان فراکسیۆنە پەرلەمانییەکاندا ئەنجام نەدراوە سەبارەت بە پۆستی بڕیاردەری پەرلەمان، کە پەیوەست بێت بە برایانی پێکهاتەی کریستیانەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، "هەر زانیارییەک لەم بارەیەوە بڵاو دەکرێتەوە دوورە لە ڕاستییەوە و دروست نییە".

نووسینگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش داوە، کە پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی، پابەندی ڕێککەوتنە سیاسییەکانن و ڕەچاوی بنەمای هاوسەنگی و نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکان دەکەن لەنێو دامەزراوەی یاساداناندا، بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی پێشوەختە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە درابێت.