بەفر سەدان گەشتی ئاسمانیی لە ئەورووپا هەڵوەشاندەوە

شەپۆلێکی بەفر و زریان ئەورووپای گرتووەتەوە و بە هۆیەوە سەدان گەشت لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتە ئەورووپاییەکاندا هەڵوەشایەوە.

چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەم، 2026، پێگەی 'فلایتڕادار24' بڵاوی کردەوە، لە فڕۆکەخانەی سخیپهۆڵ لە هۆڵەندا، دوێنێ 600 گەشت و ئەمڕۆش 700 تا 800 گەشت هەڵوەشاونەتەوە. زۆربەی ئەو  گەشتانە بۆ شارە گەورەکانی وەک لەندەن، بەرلین، پاریس و دبلن بوون.

ئەمڕۆ لە هەردوو فڕۆکەخانەی شارڵ دیگۆل و ئۆرلی، لە فەرەنسا نزیکەی 140 گەشت هەڵوەشانەوە. هەروەها نزیکەی 40 گەشتی فڕۆکەخانەی زاڤنتم لە بەلجیکا هەڵوەشاوەتەوە جگە لە دواکەوتنێکی زۆری سەدان گەشتی دیکە.

ویلمایکە کۆستەر، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی سخیپهۆڵ، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "دواکەوتنی گەشتەکان تەنیا بەهۆی بارینی بەفرەوە نییە، بەڵکوو دەبێت فڕۆکەکان پێش فڕین، بە ماددەیەکی تایبەتی دژەبەستن بشۆرێن و ئەمەش کارێکی قورسە و کاتێکی زۆر دەخایەنێت."

هەروەها لە هەردوو فڕۆکەخانەی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و هیسرۆی لەندەن، ژمارەیەک گەشت هەڵوەشاونەتەوە. 

هەڵوەشانەوەی گەشتەکان، قەرەباڵەغییەکی لە ڕادەبەدەری لەو فڕۆکەخانانەدا دروست کردووە، چونکە ئێستا کاتی گەڕانەوەی گەشتیارانە لە پشووی سەری ساڵی زاینی. 

گەشتیاران لە دواکەوتنی گەشتەکانیان تووڕەن، بەڵام دەشزانن ئەوە پەیوەندیی بە کەشوهەواوە هەیە و دەبێت چاوەڕێ بکەن. 

مارک وێلسن، هاووڵاتییەکی ئەمەریکییە، دەڵێت: زیاتر لە چوار کاتژمێر گەشتەکەم دواکەوتووە و کارمەندانی فڕۆکەخانەکەش هیچ هەواڵێکی دڵنیاکەرەوە نادەن و نازانم کەی دەتوانم گەشت بکەم.