پاشماوەیەکی مرۆڤ لە مەغریب دۆزرایەوە کە هی زیاتر لە 770 هەزار ساڵ پێش ئێستایە

وەزارەتی لاوان و ڕۆشنبیری و پەیوەندییەکانی مەغریب، دۆزینەوەیەکی شوێنەواریی گرنگی لە ناوچەی کانەبەردی "تۆما 1" لە نزیک شاری کازابلانکا 'دارلبەیزا' ڕاگەیاند، کە دەکرێت تێڕوانینی زانستی بۆ ڕەچەڵەکی مرۆڤ بگۆڕێت.

وردەکاریی دۆزینەوەکە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، دۆزینەوەکە بریتییە لە کۆمەڵێک پاشماوەی مرۆیی کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی 773 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، پاشماوەکان پێکهاتوون لە شەویلگەی دوو کەسی پێگەیشتوو، شەویلگەی منداڵێک، ددان و چەندین ئێسکی جۆراوجۆر.

تیمی توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم بەبەردبووانە تێکەڵەیەک لە تایبەتمەندییەکانی "مرۆڤی قەدڕاست و مرۆڤی سەردەم" لەخۆدەگرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو قۆناغە هەستیارەی کە تێیدا ڕەچەڵەکی مرۆڤی ژیر لە ڕەچەڵەکەکانی دیکەی وەک نیاندەرتاڵ جیابووەتەوە.

هاوبەشییەکی زانستیی نێودەوڵەتی
ئەم دەستکەوتە لە چوارچێوەی پرۆژەی "پێش مێژوو لە کازابلانکا" بەدیهاتووە، کە بەرهەمی هاوکاریی نێوان پەیمانگای نیشتمانیی شوێنەواری مەغریب و دامەزراوە گەورەکانی جیهانە، لەوانە مۆزەخانەی مێژووی سروشتیی پاریس و پەیمانگای ماکس پلانکی ئەڵمانی.

گرنگیی زانستی
توێژینەوەکە کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری بەناوبانگی "Nature" بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە،

1- دۆزینەوەکە بۆشاییەکی گەورە لە مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ لە ئەفریقا پڕ دەکاتەوە.

2- جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی باکووری ئەفریقا و مەغریب دەکاتەوە وەک وێستگەیەکی سەرەکی لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بەرەو کیشوەرەکانی دیکە.

3- مێژووی پاشماوەکان بە وردی دیاری کراوە لە ڕێگەی تەکنیکی شیکاری موگناتیسیی چینەکانی زەوییەوە.