شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی بەهێز.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە بەیانی ڕۆژی هەینی 9-1-2026، شەپۆلەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و بارانبارین دەست پێ دەکات. پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی بارانیش لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببارێت، هاوکات بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت.

دەستەی کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە، بارانەکە هەندێک جار بەخوڕ دەبێت و هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت، سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەوە شەپۆلێکی سەرما ڕوو لە وڵات دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.

دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە 10ـی کانوونی دووەم بەردەوام بێت و دواتر کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.