کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندنی دانووستاندکاری پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ کۆبوونەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، هەردوو شاند گفتوگۆیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسی سەرۆک کۆماری عێراق کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەسیناریۆکان ئەوەیە پارتی و یەکێتی هەوڵدەدەن یەک کاندیدی هاوبەشیان بۆ سەرۆک کۆمار هەبێت، جا کاندیدەکە هی پارتی یان هی یەکێتی دەبێت. بۆیە گفتوگۆی چڕ لەوبارەوە کراوە.

پارتی و یەکێتی ئەگەر لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن، ئەوە دەبێتە دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. 

 پێشتر ئەندامانی شاندی دانوستانکاری هەردوولا ئاماژەیان بەوەداوە، پێدەچێت ئەمڕۆ بگەنە ڕێککەوتن و وادەیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم دیاری بکەن. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویستە، یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوەیە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دواتر سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵدەبژێردرێن، لەدوای ئەویش بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆکی هەرێم دەکرێتەوە، هەروەها سێ ڕۆژ دەرگای تانەدان دەکرێتەوە، دواتر لە ماوەی 15 ڕۆژ سەرۆکی هەرێم هەلدەبژێردرێت، ئینجا سەرۆکی هەرێم سەرۆک وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ. 

شاندی پارتی پێکهاتبوون لە، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب، ئومێد سەباح، هەروەها شاندی یەکێتیش پێکهاتوون لە، قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت ڕەسول، د رێواس فایەق، شاڵاو شێخ سەڵاح.