بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود مەترسیی تەواوبوونی پێداویستی پزیشکی ڕادەگەیەنێت
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود لە حەلەب ئاشکرای کرد، بەهۆی بۆردومان و هێرشی هەڕەمەکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان، 10 هاووڵاتی شەهید و 65ـی دیکەش بریندارن.
پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، دکتۆر عەبدولقادر حەسکۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، ئێستا شەڕێکی سەخت و دژوار لە ئارادایە و گرووپە چەکدارەکان بە چڕی هێرشەکانیان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەست پێ کردووە.
هاوکات دەڵێت: لە ئەنجامی پێکدادان و بۆردومانەکانی ئەم سێ ڕۆژەدا، 10 هاووڵاتی شەهید بوون و 65ـی دیکەش بریندار بوونە، کە بەشێکیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و توانای نەخۆشخانەکە، دکتۆر حەسکۆ هۆشداری دا لە مەترسیی گەمارۆی پزیشکی و ڕوونی کردەوە: "گرووپە چەکدارەکان ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی هەرچەشنە هاوکاری و پێداویستییەکی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکەمان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بڕی دەرمان و پێداویستییە بەردەستەکانمان بەرەو تەواوبوون بچێت و کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بە شێوازی هێرشەکان کرد و گوتی: "ئەو گرووپە چەکدارانەی کە سەر بە حکوومەتی سووریان، بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی جەنگ، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و کوێرانە گەڕەکەکان بۆردومان دەکەن و تەقە دەکەن. ئامانجی سەرەکیی ئەوان تەنیا کوشتنی خەڵکی بێتاوانە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دکتۆر عەبدولقادر ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بە ورەیەکی بەرزەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدان و بە شێوەیەکی قارەمانانە ڕووبەڕووی پەلاماری گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە بۆ پاراستنی گیانی دانیشتووانی ناوچەکە.
ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە و بەشێکیشیان بوونەتە قوربانی.