هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە هەولێر، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان کۆببنەوە. سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات کە تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکە تاوتوێکردنی سیناریۆی "کاندیدی هاوبەش" دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
لە درێژەی هەوڵە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و ڕێکخستنەوەی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە بچێت.
پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕایگەیاند، یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر سێ تەوەری سەرەکی و ستراتیژی چڕ دەبێتەوە:
-پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
-کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
-یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئەم سێ دۆسیەیەدا دروست کراوە؛ بە جۆرێک کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دەبێتە کلیلی چارە و دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا.
بە پێی سەرچاوەکە، یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی دانوستانەکانی ئەمجارە، تاوتوێکردنی بیرۆکەی دیاریکردنی "کاندیدی هاوبەش"ـە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی چڕ لەم بارەیەوە کراوە و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کورد بە یەک دەنگ و یەک کاندید بچێتە بەغدا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو ئەنجامی یەکلاکەرەوەی لێ بکەوێتەوە، بە تایبەت کە هەردوولا درک بە گرنگیی قۆناغەکە و پێویستیی خێراکردنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.