ئەمەریکا داوای ڕاگرتنی شەڕ لە حەلەب دەکات و جەخت لە مافی کورد دەکاتەوە

ئەمەریکا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی گەڕەکەکانی (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) لە حەلەب دەربڕی، هاوکات جەخت لەسەر مافی گشت پێکهاتەکانی سووریا دەکاتەوە.

لە بەرانبەر پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب و گرژییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی سووریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیامێکی بە پەلەی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد و داوای دانبەخۆداگرتن و پاراستنی پرۆسەی سیاسی دەکات.

پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەمەریکا بە "نیگەرانییەکی قووڵەوە" چاودێریی دۆخی گەڕەکەکانی (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) دەکات.

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا دەڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆدا بگرن و پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان و سەروماڵیان بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە."

باراک ئاماژەی بەوە دا، کە لە ماوەی 13 مانگی ڕابردوودا، سووریا هەنگاوی مێژوویی بەرەو سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە ناوە. هەروەها تیشکی خستووەتە سەر دانوستانەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان سووریا و ئیسرائیل و بە "هەنگاوێکی گرنگ بەرەو ئاشتییەکی بەرفراوانتری ناوچەیی" پێناسەی کردووە.

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەختی لەسەر مافی گشت پێکهاتەکانی سووریا کردووتەوە و دەڵێت: سوورین لەسەر ئەوەی مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک دابین بکرێت؛ وەک مافی سوننە، کورد، درووزی، مەسیحی، عەلەوی و هەموو پێکهاتەکانی دیکە بەبێ جیاوازی." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەری ململانێکان کاتی دەوێت و پێویستی بە لێبووردەیی هەیە.

خاڵێکی وەرچەرخانی پەیامەکە، ئاماژەکردنە بە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا.

باراک گوتی: "هەفتەی ڕابردوو لە لێواری سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکەدا بووین کە هەماهەنگیی ئەمنی و حوکمڕانیی هاوبەش لەخۆ دەگرێت، هێشتاش هیوامان بە جێبەجێکردنی هەیە."

هاوکات داوا لە سەرکردایەتیی حکوومەتی سووریا، هەسەدە و دەسەڵاتە خۆجێییەکان دەکات دەستبەجێ شەڕ ڕاگرن و ڕێگە لە دابەشبوون بگرن.

لە کۆتاییدا، تۆماس بارک، جەختی لەوە کردەوە، لەو قۆناغە هەستیارەدا، دەبێت ناوچەکە یەکگرتوو بێت. گوتیشی: کە ئامانجی ئەمەریکا ئاشتیی بەردەوامە لەسەر بنەمای خۆشگوزەرانیی هاوبەش.

ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە، هەروەها  13 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 64ـی دیکەش بریندار بوونە.