ڕامی عەبدولڕەحمان بۆ کوردستان24: پێکدادانی سەخت لە نێو گەڕەکی ئەشرەفییە بەردەوامە

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لە پەرەسەندنێکی مەیدانیی خێرادا لە شاری حەلەب، سوپای عەرەبیی سووریا توانییان زیاتر لە نیوەی گەڕەکی ئەشرەفییە کۆنتڕۆڵ بکەن، هەروەها ئەم پێشڕەوییە بەهۆی ڕێککەوتن و ئاسانکاریی عەشیرەتی "بەگگارە"وە بووە کە ڕێگەیان بۆ سوپاس خۆش کردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای زنجیرەیەک پێکدادانی سەخت و گۆڕانکاری لە نەخشەی هاوپەیمانییە خۆجێییەکان، سوپای عەرەبیی سووریا توانییان دەست بگرن بەسەر زیاتر لە نیوەی ڕووبەری گەڕەکی (ئەشرەفییە) لە شاری حەلەب، لە کاتێکدا شەڕ لە چەند خاڵێکی دیکەی گەڕەکەکە بە سەختی بەردەوامە.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری سەرەکیی ئەم پێشڕەوییە خێرایەی سوپای عەرەبیی سووریا، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی عەشیرەتی "بەگگارە". ئەو عەشیرەتەی کە (ئەبو ئەحمەد زەکور)، ڕاوێژکاری کاروباری عەشایەریی حکوومەتی سووریا سەر بەو عەشیرەتەیە، هەستاون بە کردنەوەی ڕێگەکان لەبەردەم هێزە هێرشبەرەکان.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە عەشیرەتەکە بەڵێنی "پاراستنی ئەمنی"ـیان داوەتە ئەو چەکدارانەی کە سەنگەرەکانیان جێ دەهێڵن و دەچنە پاڵ هێزەکانی حکوومەت.

ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: کەمێک پێش ئێستا گرووپێکی بچووکی چەکدارە عەشایەرییەکان بە سێ ئوتومبێلی سەربازییەوە هێرشیان کردووە و توانیویانە کەلێنێک لە بەرگرییەکانی دەوروبەری ئەشرەفییە بکەنەوە، هەرچەندە لە میانەی شەڕەکەدا یەکێک لە ئوتومبێلەکانیان تێکشکێنراوە.

زانیارییەکان هێما بۆ ئەوە دەکەن کە شەڕەکە ئێستا بووەتە "شەڕی کۆڵان بە کۆڵان" لە نێو گەڕەکی ئەشرەفییە. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گوتیشی: هێزە هێرشبەرەکان توانیویانە چەند بەشێکی گەڕەکەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و کوژراو و بریندار لە ڕیزی هەردوولا هەیە.

هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، بەهۆی سەختی شەڕەکەوە دۆخی مرۆیی لە هەردوو گەڕەکی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارەکان و بەردەوامیی بۆردومانەکانەوە، نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان تووشی کورتهێنانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بوونەتەوە، ئەمەش مانای دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی.

ماوەی چوار ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە، هەروەها  13 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 64ـی دیکەش بریندار بوونە.