ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە: دەمێنینەوە و بەرگری دەکەین
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، لە ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026ەوە لەژێر هێرش و بۆردوومانێکی چڕی چەکە قورسەکاندان، ئەم پەلامارانە کە ناوەندە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج، مەترسییەکی گەورەی مرۆییان لە ناوچەکە دروست کردووە و بە مەبەستی گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکە دەبینرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی ئەو دوو گەڕەکە، هێزەکانی سەر سوپای عەرەبی شام بە پشتگیریی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکان، مزگەوت، قوتابخانە، ماڵ و نەخۆشخانەکانیان بۆردوومان کردووە، ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم هێرشانە هەوڵێکە بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی گەلێک کە سەدان ساڵە لەم گەڕەکانەدا نیشتەجێن، ئەمەش بە واتای پێشێلکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکانی 1ی نیسان و لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو دێت.
لە ڕووی مرۆییەوە، دۆخی گەڕەکەکان گەیشتووەتە ئاستێکی نالەبار، نەخۆشخانەی خالید فەجر کە تاقە ناوەندی تەندروستیی گەڕەکەکەیە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بەتەواوی لە خزمەتگوزاری کەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵن بریندار بوون و هیچ دەرفەتێکی چارەسەرییان لە ناو گەڕەکەکاندا نەماوە، گەمارۆی درێژخایەن و هاتنی وەرزی زستان قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە و ڕێگری لە گەیشتنی پێداویستییە مرۆییەکان دەکرێت.
ئەنجوومەنی گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە گەرەنتییەکانی ڕێککەوتننامەی 10ی ئازار و 1ی نیسان شەرمەزار دەکات، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە داواکاریی هێزە هێرشبەرەکان بۆ تەسلیمبوون و چۆڵکردنی ناوچەکە بە توندی ڕەت کراوەتەوە، ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە، ئەوان وەک بەڕێوەبەریی ناوچەکە، بڕیاری مانەوە و بەرگرییان داوە و ئامادە نین پاراستنی گەڕەکەکانیان ڕادەستی هیچ لایەنێکی تر بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەنجوومەنەکە بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی گەڕەکەکان کردووە بۆ ئەوەی خاوەنداری لە بریندارەکانیان بکەن و لە نزیک نەخۆشخانەی خالید فەجر کۆببنەوە، هەروەها داوای ئامادەباشی و هاوکاری گشتی کراوە بۆ پاراستنی گەڕەکەکان لە بەرانبەر ئەو مەترسییەی کە هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی دژی پێکهاتە ئایینییەکانی تری سووریا وەسف کراوە.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە ساڵانی ڕابردوودا وەک ناوچەی سەقامگیر و پارێزراو بۆ مەدەنییەکان ناسرابوون. هێرشەکانی ئەم دواییەی ساڵی 2026 وەک وەرچەرخانێکی مەترسیدار دەبینرێت کە ئامانجی تێکدانی ئەو ئارامییە و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکانی ناو جەرگەی شاری حەلەبە.