نەتەوە یەکگرتووەکان: 150 هەزار کەس لە حەلەب ئاوارە بوونە

بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی، دۆخی مرۆیی لە شاری حەلەب بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەکانەوە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و تەنیا لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا، دەیان هەزار خێزان ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان بوون.

هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی بۆردومانی چڕی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریا، 150 هەزار کەس ئاوارە بوونە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، کە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەبوون ڕووی لە قەزای عەفرین کردووە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان پێداویستی ئاوارەکان دابین دەکەن.

توندوتیژییەکان بوونەتە هۆی زیانگەياندن بە ژێرخانی تەندروستی؛ چوار نەخۆشخانەی سەرەکی (زاهی ئەزرەق، ئیبن ڕوشد، عوسمان و سەلام) زیانیان بەرکەوتووە و بەشێکیان لەکار کەوتوون.

هاوکات، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سووریا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی درێژ کردەوە و سەرجەم گەشتەکان بۆ دیمەشق گواستراونەتەوە. هەروەها دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان داخراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئاوارەکان لە دۆخێکی سەختدان و پێویستیی بەپەلەیان بە شوێنی مانەوە و پێداویستییەکانی زستانە هەیە.