وەزارەتی کارەبا: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی دیکەی لە بارەی پچڕانی کارەبا و هەوڵەکانی چاککردنەوەی گرفتەکان بڵاوکردەو و ڕایگەیاند، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ دایە و چەند کاتژمێرێکی دیکە کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ 9ی کانوونی دووەمی 2026، ڕایگەیاند، بەهۆی باران و ڕەشەبای بەهێزەوە، زیان بە تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی گەیشتووە و بەهۆیەوەلە  کاتژمێر هەشتی ئەمشەوەوە، گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروست بووە.

لە بارەی هەوڵەکانی چاککردنەوەی گرفتەکان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ دایە و تیمەکانی وەزارەتی کارەبا لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم گرفتەکانی چارەسەر دەکەن.

کاتژمێرێک لەمەوبەر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر نزیکەی 8ـی ئەمشەو بە هۆی شەپۆلی بەفر و باران، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر و سلێمانی کوژاونەتەوە، بەڵام تیمەکانی وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چاککردنەوەی گرفتەکانن بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.