کوەیت هەڵمەتی بەدواداچوونی سەرچاوە داراییەکانی ناودارانی سۆشیال میدیا چڕ دەکاتەوە

دکتۆرە خلود" و "ئەمین"، دوو ناوداری شۆشەڵ مێدیای کوەیت
دکتۆرە خلود" و "ئەمین"، دوو ناوداری شۆشەڵ مێدیای کوەیت

 لە درێژەی هەڵمەتەکانی دەسەڵاتدارانی کوەیت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی "سپیکردنەوەی پارە"، میدیاکان هەواڵی دەستبەسەرکردنی هەر یەک لە "دکتۆرە خلود" و "ئەمین"ی هاوسەری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت بڵاو دەکەنەوە، ئەمەش تەنیا دوو ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی ناودارێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دێت.

دۆسیەی سپیکردنەوەی پارە کە ژمارەیەک لە ناودارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێوەگلاوە، جارێکی دیکە بووەتەوە بە بابەتی گەرمی میدیا و شەقامی کوەیتی. ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەواڵی ڕاگرتنی (دکتۆرە خلود) و (ئەمین غەباشی)ی هاوسەری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت بڵاو بووەوە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای گومانی تێوەگلان لە سپیکردنەوەی پارە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە چڕەکانی دەسەڵاتدارانی کوەیت بۆ کردنەوەی دۆسیە کۆنەکانی پەیوەست بەم تاوانە داراییانە، کە پێشتر ژمارەیەک لە ناودارانی سۆشیال میدیای گرتووەتەوە؛ پرسێک کە بەهۆی بوونی جووڵەی دارایی زەبەلاح و سەرچاوەی نادیاری داهات، بە یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکان دادەنرێت.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا و پەیجە هەواڵییەکاندا دەستاودەست دەکەن، دەسەڵاتدارانی ئەمنی هەردوو ناودارەکەیان لەکاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێکی خێزانیدا لە فڕۆکەخانە ڕاگرتووە و ڕەوانەی لێکۆڵینەوەیان کردوون.

لە بەرانبەردا، سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، کە هۆکاری ڕاگرتنەکە پەیوەندیی بە دۆسیەی داراییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی گومانی بوونی بڕێک "دەرمانی پزیشکیی کۆنترۆڵکراو بووە لەناو کەلوپەلەکانیاندا.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی فراوانی هەواڵەکە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، وەزارەتی ناوخۆی کوەیت هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی دەنگۆکان بڵاو نەکردووەتەوە.

هەروەها دکتۆرە خلود و هاوسەرەکەشی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە، ئەمەش دەرگای بۆ لێکدانەوەی جیاواز کردووەتەوە.

ئەم پێشهاتە تەنیا 48 کاتژمێر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی (یەعقوب بوشەهری)، یەکێکی دیکە لە ناودارانی سۆشیال میدیا دێت، کە ئەویش بە تۆمەتی پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

چاودێران پێیان وایە دووبارەبوونەوەی ئەم هەواڵانە، چ ڕاست بن یان نا، ئاماژەیە بۆ جددییەتی دەوڵەتی کوەیت لە وشککردنی سەرچاوە داراییە نایاساییەکان.

 لەگەڵ ئەوەشدا، دۆسیەی "سپیکردنەوەی پارەی ناوداران" بە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان دەمێنێتەوە کە ڕەهەندی یاسایی، ئابووری و میدیایی تێکەڵ بووە و پێویستی بە یەکلاکردنەوەی دادوەریی شەفاف هەیە.