قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە 17 ملیار دۆلار
ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ڕایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە 16 بۆ 17 ملیار دۆلار، جەختیشی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەسەر ئاستی وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیا تورکیەکان بۆ عێراق کردەوە.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە ڕووی سیاسیی و بازرگانی و وەبەرهێنان بەباشی بەرێوەدەچێت و بەردەوامە، هەروەها لەڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
ئەنیل بۆرا ڕاشیگەیاند، ڕێکخستنی پلاترفۆڕمە جیاوازەکانی نێوان هەردوولا، پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکان بەهێزتر دەکات، هەروەها شانازیش بەهاتنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە تورکیەکان بۆ عێراق دەکەین، ئەمەش لە ئەنجامی باشتربوونی دۆخی ئەمنی عێراقە.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا گوتیشی: " تورکیا زۆر دڵخۆشە بەو سەقامگیری و ئاسایشەی لە عێراق بەدەست هاتووە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ئەمنی".
باسی لەوەشکرد، ئێمە پشتیوانی لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و سەقامگیری عێراق و باشترکردنی بارودۆخەکان دەکەین، هاوکات هاوکاریی و هەماهەنگی لە نێوان حکوومەتەکانی هەردوو وڵاتدا هەیە بۆ بەدیهێنانی وەبەرهێنان، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێککەوتنانە دەکەین کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکراوە.
ڕوونیشیکردەوە، "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە 16 بۆ17 ملیار دۆلار، ئێمەش بەردەوامین لە زیادکردنی ئەم ڕێژەیە و باشترکردنی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات."