ڕۆژنامەی تەلەگراف: بە بەهای 800 ملیار دۆلار ئۆکرانیا ئاوەدان دەکرێتەوە

ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، حکوومەتی ئەمەریکا و ئۆکرانیا ڕێککەوتنێکی دوولایەنە لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا لە دوای جەنگ بە بەهای نزیکەی 800 ملیار دۆلار و گەرەنتی ئەمنی واژۆ دەکەن.

ڕۆژنامەی تەلەگراف ئاماژەی بەوەداوە، ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا لەگەڵ ڤلۆدینێر زێلنسکی کۆببێتەوە و تیایدا هەموو وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی داهاتوو تاوتوێ بکەن.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، لە ماوەی 10 ساڵدا دەبێت 800 ملیار دۆلار کۆبکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت، ئەمە یارمەتی ئۆکرانیا بدات بۆ ڕاکێشانی کۆمەڵێک کۆمپانیای وەبەرهێنەر تاوەکو بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوە نەکردووە، ئایا لە پەراوێزی داڤۆس ڕێککەوتنێک سەبارەت بە دروستکردنی "هێزێکی ئەمنی" کە لە ئۆکرانیا جێگیر بکرێت، واژۆ دەکرێت یان نا.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، زێلێنسکی ئامادەبووە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە ئەمەریکا کۆببێتەوە، بەڵام سەرکردەکانی ئەوروپا ڕێگرییان لە گەشتەکەی کردووە و داوایان لێکردووە لە داڤۆس لەگەڵی کۆببێتەوە، هەروەها ئامۆژگارییان کردووە کە پەلە نەکات لە دانوستان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا.

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ساڵانە لە داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، تێیدا بازرگانان و سیاسەتمەداران و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان بەشداردەبن. ئەندامێتی کۆڕبەندەکە لە نزیکەی هەزار کۆمپانیا و ڕێکخراوی گەورە پێکدێت، لە ساڵی 2026دا کۆڕبەندەکە لە 19 تا 23ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.