ڕێبین حەیدەری: لە بۆکان لەسەر تاجی مۆزەخانەکەم  پەیکەرێکم داناوە کە باس لە ئاشتی دەکات

هونەرمەندی پەیکەرساز، ڕێبین حەیدەری، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لەناوەڕۆک و پەیامی پەیکەرەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: ناوەرۆکی پەیکەرەکانم، بە گشتیی، مرۆڤن، باس لە جێگە و پێگەی مرۆڤ دەکەن وەک بوونەوەرێک کە لە نێو کۆمەڵگەدا ژیان دەکات، ئەو کۆمەڵگەیەی کە خۆی، لە هەمان کاتدا، ژیانێکی پڕ لە کێشە و گرفتی بۆ درووست کردووە و مرۆڤیش لە ناو گێژاوی دەستکردی خۆیدا گیری کردووە.

هونەرمەندی پەیکەرساز، ڕێبین حەیدەری، باس لە ئەزموونی خۆی لەبواری پەیکەرسازی دەکات و دەڵێت: لە تەمەنی زۆر منداڵییەوە، تامەزرۆی هونەر بووم، تامەزرۆیەک کە زۆر زوو خۆی لە نێو هەرە منداڵیمەوە پیشان دا، بە تایبەتی لە هونەری وێنەکێشاندا، ئەو سەردەمە، هونەر بۆ من تەنیا حەزێکی کاتی نەبوو، بەڵکو وەک حەزێکی ناوخۆیی بوو بۆ بینین و تێگەیشتن لە جیهانی دەورووبەر، کاتێک لە ساڵی 1993 بۆ سوید كۆچم کرد، ئاراستەی کارە هونەرییەکانم گۆڕانێکی بنچینەیی بەخۆی بینی، لەوێ بە گشتی رووم کردە پەیکەرسازی و وێنەکێشان بۆ من کەمتر بوونەوە، لە سوید وەک پەیکەرسازێک چالاکییم کرد و وەک کەسێکی ناسراو لە زۆر پرۆژە و پێشانگەی هونەریدا بەشدار بووم، ئەزموونێک کە بۆ من قۆناغێکی گرنگی گەشەپێدان و پوختەبوونی بیر و شێوازی کار بوو، لە ساڵی 2000، بەرەو ئەمەریکا ڕۆیشتم و لە زانکۆی پافا لە فیلادلفیا، لە بەشی پەیکەرسازی، بڕوانامەی ماستەرم بەدەست هێنا، سێ ساڵ دواتر، لە ساڵی 2003، گەڕامەوە بۆ سوید و دووبارە دەستم کردەوە بە کار و چالاکی و دروستکردن، سەرئەنجام لە ساڵی 2008، گەڕامەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری بۆکان، ئاکادیمی و موزەخانەی تایبەتی خۆمم دامەزراند، شوێنێک کە ئێستاش بەردەوام خەریکی چالاکی و کارکردنم.

ئەو پەیکەرسازە باس لەو شێوازە دەکات کە هەڵی بژاردووە بۆ درووستکردنی پەیکەرەکانی و دەڵێت: کارە هونەریەکانم زۆرتر لە بواری پەیکەرتاشی و پەیکەرسازیدان، پەیکەرتاشی وەک کار لەسەر بەرد، و پەیکەرسازی وەک دروستکردنی پەیکەر بە هەر ماتریالێک کە بتوانرێت لە ڕێگەیەوە فیگورێک درووست بکرێت، ماتریالەکانم فراوانن وەکو، بەرد، برۆنز، گەچ یان بۆرەک، ئاسن، دار، فایبەرگلاس و هەروەها هێندێک مادەی تر، هەر یەک لەم ماددانە زمانێکی تایبەتی خۆیان هەیە کە پەیکەر لە ڕێگەیانەوە قسە دەکات.

هەروەها دەشڵێت: ناوەرۆکی پەیکەرەکانم، بە گشتی، مرۆڤن، باس لە جێگە و پێگەی مرۆڤ دەکەن وەک بوونەوەرێک کە لە نێو کۆمەڵگەدا ژیان دەکات، ئەو کۆمەڵگەیەی کە خۆی، لە هەمان کاتدا، ژیانێکی پڕ لە کێشە و گرفتی بۆ درووست کردووە و مرۆڤیش لە ناو گێژاوی دەستکردی خۆیدا گیری کردووە، ئەم بابەتە، بۆ من، سەرنجڕاکێشە و وەک هونەرمەندێک هەمیشە هانم دەدات لەسەری بدوێم و لە ڕێگەی پەیکەرەوە باسی بکەم، پەیکەرسازی، وەک زۆربەی هونەرەکانی دیکە، زمانێکە بۆ دوواندن لەسەر کێشەکان و گرفتەکان، هەروەها بۆ پیشاندانی جوانییەکان، ئەو زمانە جۆرێک گەڕانەوەیە بۆ چۆنێتیی بیرکردنەوەی هونەرمەند، بۆ ئەو شێوازەی کە جیهان دەبینێت و هەستی پێ دەکات، بە بۆچوونی من. هونەرمەند کەسێکە کە پێش هەموو شتێک، بیرووبۆچوونی تایبەت و جیاوازی هەبێت، بیرووبۆچوونێک کە بتوانێ کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگە دابنێت. هونەرمەند دەبێت بزانێ چی دەڵێت و هەروەها بزانێ چۆن دەیڵێت، واتە دەبێت لە زمانی گوتار و لە تەکنیکی کاری خۆیدا زۆر شارەزا و لێهاتوو بێت، تا بتوانێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەر دروست بکات و پەیامی خۆی بە ڕوونی بگەیەنێت.

دەربارەی کردنەوەی پێشانگە تایبەت و هاوبەشەکانی، ڕێبین حەیدەری دەڵێت: من، وەک پەیکەرسازێکی ناسراو، بە گشتی لە ساڵانی دوای 1997 پێشانگەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵم زۆر بوون، ئەو  پێشانگەیانە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و ئێران بەرێوەچوون، هەروەها، پەیکەرەکانم لە زۆربەی وڵاتان وەک سوید، دانمارک، ئاڵمان، فینلاند، ئەمەریکا، ئوسترالیا، ئێران و کوردستانی رۆژھەڵات و باشوور، لە شوێنە گشتیی و دەوڵەتییەکاندا دانراون.

ئەو پەیکەرسازە، باس لە درووستکردنی پەیکەری جەستەی ژن و پیاو دەکات و دەڵێت: بۆ من، جەستەی ژن یان پیاو وەک بابەت، جیاوازییان نییە، هەر یەک جوانییەکی تایبەتی خۆیان هەیە، بەپێی ئەو بابەتەی کە هەڵی دەبژێرم، هەندێک جار فیگۆری ژن بەکار دەهێنم و هەندێک جار فیگۆری پیاو، و زۆرجار هەردووکیان بەیەکەوە، بۆ ئەوەی ماناکە بە تەواوی بگەیەنرێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا، ڕێبین حەیدەری، باس لە پەیکەری ئاشتی دەکات کە درووستی کردووە و دەڵێت: لە ئێستادا، لەسەر تاجی مۆزەخانەی تایبەتی خۆم لە بۆکان، پەیکەرێکم داناوە کە باس لە ئاشتی دەکات، هەرچەندە ئەو باسە بۆ مرۆڤ باسێکی نامۆیە و هیچ کاتێک بە ئاستی تەواو ناگات، بەڵام من وەک خەون و ئاواتێکی جوان، باوەڕێکی قووڵم پێیەتی، ئەو پەیکەرەی ئاشتی، لای خۆم، زۆر خۆشەویستە، چونکە تەنیا پەیکەرێک نییە، بەڵکو هیوایەکی سەرسام هێنەرە کە لە فایبر بە برینداری دوو مەتر و نیو درووست بووە.

هونەرمەندی پەیکەرساز، ڕێبین حەیدەری، لە ساڵی 1968 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و دانیشتووی شاری بۆکانە، چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لە ناوەوە و لەدەرەوەی وڵات کردۆتەوە، هەروەها لە ئەمەریکا لە زانکۆی پافا لە فیلادلفیا، لە بەشی پەیکەرسازی، بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە.