لە هەولێر، ماڵی هونەری دارا محەممەد کرایەوە

لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر و بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، ماڵی هونەری شێوەکار دارا محەمەد عەلی، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و خەڵکێکی زۆر کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، هونەرمەندی شێوەکار دارا محەممەد، دەربارەی کردنەوەی ماڵە هونەرییەکەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو ماڵە هونەرییەم، هەموو کار و چالاکییەکانی منی تێدایە کە بە درێژایی کاروانی هونەریم لەو پێناوەدا ژیاوم و هەوڵم بۆی داوە، ماڵە هونەریەکەم پڕە لەو تابلۆ جوانانەی کە لەگەڵم ژیان، من هەموو تابلۆکانی خۆم خۆش دەوێت، بۆیە هەموو تابلۆکانم لەو ماڵەدا بوونیان هەیە، هەروەها کۆمەڵێک تابلۆی تێدایە کە یەکەمجارە لەو ماڵە هونەرییەم نمایشی دەکەم.

دارا محەممەد گوتیشی: من لە ئێستادا نەخۆشم و جەڵتە لێی داوم، کردنەوەی ئەو ماڵە هونەرییەم منی زۆر دڵخۆش کرد، ئەو هەموو هونەرمەندە ئازیز و خزم و هاوڕێ دڵسۆزانەم لێرە دەبینم و لە تابلۆکانی من دەڕوانن دەڕوانن، ئەوە من زۆر دڵخۆش دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیامداوە ئەو ماڵە هونەرییەم، هەفتەی سێ ڕۆژ بەڕووی هەموو خەڵکێکدا بکەمەوە، لەو سێ ڕۆژەدا خەڵک دەتوانن بێن سەردانی ماڵە هونەرییەکەم بکەن و لێرە کاتێکی خۆش بەسەیرکردنی تابلۆ هونەرییەکانم بەسەر ببەین.

هونەرمەندی شێوەکار دارا محەممەد، لە ساڵی 1950 لە هەولێر لەگوندی عەوێنە لە دایكبووە، لە ساڵی 1975 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدای تەواو كردووە، ساڵی 1979 بۆ یەكەمجار لە قوتابخانەی كەونە گوند دامەزراوە، ساڵی 1981 گواستراوەتەوە بنكەی كاری دەستی هەولێر بەردەوام خولی شیاندنی بۆ مامۆستایانی هونەر كردۆتەوە، لە ساڵی 1992 یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر، لە ساڵی 2002، بووەتە سەرپەرشتیاری هونەر، لە ساڵی 2006 گواستراوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەڵاحەددینی تەواو کردووە، خاوەنی چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان، خاوەنی 15 كتێبە و چاپی كردوون و  بڵاوبۆتەوە.