6 ریكۆردی خەیاڵی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 2026

كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی یانەی نەسری سعوودیە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی یانەی نەسری سعوودیە

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی تەمەن 40 ساڵ دەیەوێت شەش ریكۆردی خەیاڵی لە ساڵی نوێی 2026 تۆمار بكات، یەكێك لە ریكۆردەكانیشی پەیوەندی بە مۆندیالی ئەمساڵ هەیە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرەڕای ئەوەی نزیكە لەوەی قاچەكانی لەسەر لاكێشەی سەوزی یاریگە بكشێنێتەوە و خانەنشین بێت، بەڵام هێشتا ئارەزووییەكی زۆری بۆ ژمارە پێوانییەكان هەیە و هەوڵ بۆ شەش ریكۆرد دەدات.

یەکەم یاریزان بگاتە هەزار گۆڵ

ئەگەر گۆڵكارەكەی یانەی نەسری سعوودیە لە پێكان دوور بێت بابەتی گەیشتن بە هەزار گۆڵ تەنیا لەسەر كات وەستاوە و روودەدات.
تا ئێستا ڕۆناڵدۆ 958 گۆڵی فەرمی تۆمار کردووە، واتە پێویستی بە 42 گۆڵی تر هەیە بۆ ئەوەی بگاتە 1000 گۆڵ.

بەپێی هەڵسەنگاندنەكان، ئەگەر كریس  بەهەمان ڕێژەی گۆڵکردن بەردەوام بێت. ئەگەری هەیە لە مانگەکانی سەرەتای وەرزی 2026 ـ 2027 ژمارەی گۆڵەكانی بگەیەنێتە هەزارەمین گۆڵ.


بردنەوەی نازناوی خولی نێوخۆیی لە چوار وڵاتی جیاواز
تا ئێستا هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە نازناوی خول لە پێنج خولی جیاوازی وڵاتان بەدەست بهێنێت، بەڵام چەند یاریزانێک هەن توانیویانە نازناوی خولەکان لە چوار وڵاتی جیاوازدا بەدەستبهێنن.
ڕۆناڵدۆ پێشتر نازناوی خولی ئینگلیزی، لالیگا و سێریا ئەی بەدەستهێناوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە نازناوی خولی رۆشنی سعودیە بباتەوە.
نەسر بە سەرەتاییەكی بەهێز پێشوازی لەم وەرزە كرد، دواتر لوتكەی جێهێشت و ئێستا بە جیاوازی 4 خاڵ لە یانەی هیلالی پێشەنگی خولەكە دووركەوتووەتەوە، بەڵام ئەگەر نازناوەکە بەدەستبهێنن، ئەوا ڕۆناڵدۆ ریكۆردێكی دیکە بۆ ژیانی وەرزشی زیاد دەکات.

یەکەم یاریزان لە شەش مۆندیالدا گۆڵ تۆمار بکات

ئەگەر ڕۆناڵدۆ لە مۆندیالی 2026 گۆڵ تۆمار بکات، ئەوا دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا کە لە شەش مۆندیالی جیاواز گۆڵ تۆمار دەكات.


بە هەمان شێوە ڕکابەری دێرینی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینیش بۆ جاری شەشەم بەشداری مۆندیالی 2026 دەکات، بەڵام مێسی نەیتوانی لە مۆندیالی 2010 گۆڵ تۆمار بكات و دەرفەتی ئەو ریكۆردەی نییە، بەڵام دۆن بە تۆماركردنی یەك گۆڵ لە مۆندیالی 2026 دەتوانێت ببێتە یەكەمین لە شەش مۆندیالی لەسەریەك گۆڵ تۆمار دەكات.

یەکەم یاریزان کە 200 گۆڵ بە لێدانی پێناڵتی تۆمار بکات
ڕۆناڵدۆ لە ئێستاوە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی زۆرترین لێدانی پێناڵتییە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەوپێیەی توانیویەتی 180 لێدانی پێناڵتی گۆڵ بكات، پێویستی بە 20 گۆڵی دیكەیە بە لێدانی پێناڵتی بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم یاریزان کە بگاتە 200 گۆڵ بە لێدانی سزا.
هەرچەندە پێدەچێت ئەم ریكۆردە قورس بێت، بەڵام مەحاڵ نییە. بەوپێیەی لە 2020 كریستیانۆ 20 لێدانی پێناڵتی جێبەجێ كرد و 17 گۆڵی كرد.


گەورەترین گۆڵكاری پیشەگەر لە مێژووی یانە نەسر

ئەگەرچی شکاندنی ژمارەی پێوانەیی زۆرترین گۆڵ لە مێژووی نەسر قورسە، بەڵام ڕۆناڵدۆ زۆر نزیکە لەوەی ببێتە گۆڵکاری بیانی لە مێژووی یانەكە.
ئەفسانە مەجید عەبدوڵڵای سعوودی خاوەنی ژمارەی پێوانەیی گشتییە بە تۆمارکردنی 259 گۆڵ، عەبدەڕەزاق حەمدڵڵای مەغریبی بە تۆمارکردنی 115 گۆڵ لە پێشەنگی لیستی گۆڵکارانی بیانیدایە.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ تا ئێستا 114 گۆڵی بۆ ناسر تۆمار کردووە، بەمەش تەنیا پێویستی بە دوو گۆڵی دیكەیە بۆ ئەوەی ئەم ژمارەیە پێوانەییە تێپەڕێنێت.


یەکەم یاریزان لە دوای تەمەنی 30 ساڵی 500 گۆڵی  بكات
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەیەوێت ژمارەی پێوانەیی ڕۆنی ڕوکی ئەفسانی كۆچكردووی ئینگلیزی بشكێنێت كە یەكەمین یاریزانە لە دوای تەمەنی 30 ساڵ زۆرترین گۆڵ تۆمار كردووە.
ئەستێرە پورتوگالییەکە لە دوای تەمەنی 30 ساڵییەوە تا ئێستا 495 گۆڵی تۆمارکردووە، تەنها 5 گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا کە دوای تەمەنی 30 ساڵی بگاتە 500 گۆڵ.