لە ناسریە پردی ئاسنینی زەیتون بەرەو داڕمان دەچێت

پردی ئاسنینی زەیتون ڕێگەی سەرەکی زانکۆی زیقارە، هەروەها شارەکە بە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دەبەستێتەوە، واتە ڕێگەیەکی ستراتیژییە بەڵام پردەکە خەریکە دەڕوخێت، پایەکانی کونییان تێبووە و لەچەند شوێنێک کێشەی بۆ دروستبووە، ڕۆژانەش هەزاران ئۆتۆمبێل بەسەریدا دەڕۆن.

هاووڵاتییەکی ناوچەکە بە کوردستان24 دەڵێت: ئەگەر ئەو پردە برووخێت ژیانی دەیان کەس دەکەوێتە مەترسییەوە، هاوکات پردەکە رێگەیەکی زۆر ستراتیژییە چونکە رێگەی زانکۆی زیقارە، هەروەها شارەکەمان بە پارێزگاکانی باشوور دەبەستێتەوە. لەبەر ئەوە گەر پردی زەیتون بڕوخێت ئیدی کارەسات ڕوودەدات چونکە رێگەی هاتوچۆمان دەبەسترێت، دەبێت حکوومەت بەپەلە کارێک بکات.

هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژەی بەوەدا؛ ئێمە لە زیقار کێشەی کەمی پردمان هەیە، شارەکەمان گەورەیە و ڕووبەری فراوانە بەڵام تەنیا سێ پردی تێدایە،ئەوەش بەشی پێداویستی ئێمە ناکات بەتایبەتی لەکاتی دەوامی هاووڵاتیان، بڕیاربوو پردێکی دیکە دروستبکەن بەڵام تەواو نەکرا.

لای خۆیەوە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای زیقار پێی باشە دەستبەجێ پردی زەیتون دابخرێت،وەکو رێکارێکی خۆپارێزی لە پێناو هاووڵاتیان. ڕوونیشی دەکاتەوە؛ داخستنی پردەکە بۆ دوورکەوتنەوەیە لە مەترسی.

ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەڵێت: وەکو رێکارێکی خۆپارێزی ڕێگە نادەین بارهەڵگری گەورە و قورس بەسەر پردی زەیتوندا بڕوات، لەماوەی نزیکی داهاتوودا ڕێکاری دیکەش دەگرینەبەر لەوانەش گواستنەوەی رێڕەوی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان بۆ پردەکانی نزیک. لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئاشکرای دەکەین لەوەی پردی زەیتوون دادەخرێت یاخود نا.

لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکان و مەترسی دۆخەکە، هاووڵاتیان داوا دەکە هەرچی زووە پردی زەیتون چارەسەر بکرێت، هەروەها رێکار بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ڕۆحی هاووڵاتیان، چونکە ئەگەر پردەکە بڕووخێت دۆخێکی کارەساتبار ڕوو لە ناسریە دەکات و ژیانی دەیان کەس دەخاتە مەترسیەوە.