عێراق و چین گرێبەستێکی ناوازەی نەوتی واژۆ دەکەن

بەهاکەی زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلارە
ئاڵای عێراق و چین
ئاڵای عێراق و چین

K24 - ھەولێر

عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی گرێبستەتێک لەگەڵ کۆمپانیای شێنخوا ئۆیلی چینی، کە بەهاکەی زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلارە، به‌مه‌ش بەغدا پارەی كاشی دەستدەکەوێت و بۆ خۆ ده‌ربازكردن لەم قەیرانە داراییەی بەرۆکی گرتووە.

ئاژانسی بلوومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەو گرێبەستە نوێترین نموونەی سیاسەتی قەرزی چینە، کە لە رێگەی کۆمپانیا بازرگانی و بانکەکانی هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتە بەرهەمهێنەرە نەوتییەکانی، وەک ئەنگۆلا، ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر دەسەپێنێت و لە بەرامبەردا بەشێوەی قەرز بەرمیلی نەوتیان لێ وەردەگرێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیای شێنخوا ئۆیل بۆ بازرگانی نەوتی حکومی چینی، لە پێشەنگی کۆمپانیا رکابەرەکانە بۆ ئەوەی گرێبەستی کڕینی نەوتی خاوی عێراق بۆ پێنج ساڵ وەربگرێت.

لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، ئەو کۆمپانیا چینییە بەهێزەوە دەرخستەی پێشکەش بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کردووە.

لەوبارەیەوە حەسەن نەدیم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندووه‌، وەزارەتی نەوت لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ کۆمپانیاکان دەکات، کە دەرخستەیان بۆ گرێبەستی کڕینی نەوتی پێشوەختە پێشکەشکردووە.

ئەو کۆمپانیا چینیەی گرێبەستەکەی بردوتەوەو لە بەرامبەر 48 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیای سۆمۆ دەدات، لە سەرەتای مانگی تەمووزی 2021 تاوەکو حوزەیرانی 2022 پرۆسه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات.

بە گوێرەی مەرجەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیا چینییه‌كه‌، مانگانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدەدرێت، کە دەکاتە 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. لە بەرامبەردا، کۆمپانیای پارەی ساڵێك پێشوەختە بە نرخی ئێستا بە کۆمپانیای سۆمۆ دەدات، کە دەکاتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار، هەروەها گرێبەستەکەش بۆ ماوەی 5 ساڵ کاری پێدەکرێت، بەڵام پێشوەختە پارەی هەر ساڵێک دەدرێت.

ئاژانسی بلوومبێرگ ئەو گرێبەستە بە رێککەوتنێکی ناوازە وەسف دەکات، بە جۆرێک بەغدا پێشووتر گرێبەستی لەم شێویەی ئەنجامنەداوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەم چەشنەی لە رابردوو ئەنجامداوە.

سەرەڕای ئەوەش، ئەو گرێبەستە ناوازەیە رێگە بە کۆمپانیاکان دەدات، باری نەوتی عێراق بۆ ماوەی ساڵێک بۆ هەر ئاراستەیەک هەناردە بکەن کە مەبەستیانە، لە کاتێکدا، نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەرجی سەخت دەفرۆشرێت و رێگە بە بازرگان و کۆمپانیاکانی پاڵاوتن نادات جارێکی دیکە نەوتەکە بفرۆشنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی داڕمانی نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی  لەسەرەتای ئەمساڵ زۆرینەی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت زیانیان بەرکەوت، کە عێراق لە سەروویانەوە بوو، چونکە زیاتر لە 94%ـی داهاتی گشتی پشتی بە نەوت بەستووە، کە بە گوێرەی پێشبینییەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، کۆی بەرهەمی ناوخۆی عێراق لەمساڵدا بە رێژەی 12% دادەکەوێت.