دەستەی تەندروستی: بۆردوومانی نەخۆشخانەکانی حەلەب تاوانی جەنگە و داوای دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی دەکەین

دەستەی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایدەگەیەنێت، بۆردوومانکردنی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و بەئامانجگرتنی تیمە پزیشکییەکان تاوانی جەنگە و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بێدەنگ نەبن.

شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بەرانبەر ئەو دۆخەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەگوزەرێت، کە بریتییە لە بۆردوومانی چڕی گەڕەکەکان و نەخۆشخانەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و وڵاتانی کاریگەر لە دۆسیەی سووریا، ڕێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ وەستاندنی ئەم ئامێری جەنگە و کۆتاییهێنان بەم بۆردوومانە هەڕەمەکی و بە ئەنقەستانە.

دەستەی تەندروستی باسی لەوەش کرد، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژە لەسەریەک، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە پڕن لە دانیشتووانی مەدەنی، بوونەتە مەیدانی شەڕێکی کراوە و تێیدا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی دەیان هەزار هاووڵاتی دروستکردووە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی ئیدانەی بەئامانجگرتنی کەرتی تەندروستی کراوە و ڕایانگەیاندووە: نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوود چوار جار بە ئەنقەست بۆردوومان کراوە.

بەپێی دەستەی تەندروستی، بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکە لە کاتی جیاوازدا بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە هێرشەکە بە بەرنامە بووە و ئامانج لێی دەرکردنی نەخۆشخانەکە بووە لە خزمەتگوزاری.

دەستەکە ڕایگەیاندووە بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆییەکەیاندا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

دەستەی تەندروستی جەختی کردەوە ئەم کردەوانە تاوانی جەنگی تەواون بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و پرۆتۆکۆلەکان، کە بە ڕوونی جەخت لە پاراستنی دامەزراوە پزیشکییەکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەنەوە لە کاتی ململانێکاندا.