حەماس بە فەرمی بڕیاریدا دەست لە حووکمڕانی غەززە هەڵبگرێت
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە بڕیارێکی ڕوونی داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستە حوکمڕانییانەی کە ئێستا کاروباری کەرتی غەززە بەڕێوەدەبەن، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گواستنەوەی ئیدارەی کەرتی غەززە بۆ لیژنەیەکی سەربەخۆ.
شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، حازم قاسم گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند، حەماس ئامادەیە بۆ ئاسانکاری بۆ هەموو ووردەکارییەکانی پەیوەست بە لیژنەی وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی ئیدارەی کەرتی غەززە، هاوکات پشتگیری ئەو هەنگاوە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنان و دەستبەکاربوونی ئەو لیژنەیە.
ئەم ڕاگەیاندنەی حەماس لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدایە کە لە 24ـی تشرینی یەکەم لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە لەلایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە ڕاگەیەندرا، کە تیایدا گواستنەوەی ئیدارەی کەرتی غەززە بۆ لیژنەیەکی کاتی فەلەستینی کە لە کەسایەتییە سەربەخۆکان و پسپۆڕان (تەکنۆکراتەکان) لە کەرتی غەززە پێکهاتووە دیاری کراوە.
مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی شەڕ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بە بیانووی تێکدانی ژێرخانی چەکداران.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، 422 فەڵەستینی کوژراون، لە بەرانبەردا سێ سەربازی ئیسرائیلیش لەلایەن چەکدارانی غەززەوە کوژراون.
تا ئێستا کۆی گشتیی قوربانیانی غەززە 71 هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە زۆربەیان مەدەنین، هەروەها زۆربەی ناوچەکە وێران بووە و نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە خانووی کاتی و بینا زیانبەرکەوتووەکاندا دەژین.