بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەشێوێنێ
دەنگۆکان بۆ دەستکاریکردنی بەهای دینار، بەهای دۆلاری بەرزدەكاتەوە
K24 - ھەولێر
دەنگۆکان بۆ دەستکاریکردنی بەهای دینار، لەپێناو پڕکردنەوەی کورتهێنانی پڕۆژەی یاسای بودجەی 2021، ئاڵۆزی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دروسکردووە، بۆیە بەهای دۆلار بەراورد بە دیناری عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە، 100 دۆلاری ئەمەریکی لە سەرووی 126 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێودەکرێت، رۆژانە لەگەڵ لێدوانی پەرلەمانتاران و بەرپرسان لەبارەی پڕۆژەی یاسای بودجە بەهای دۆلار لە بازاڕەکان هەڵبەز و دابەز دەکات.
بازاڕی دراو جۆرێک لە شڵەژانی پێوە دیارە. زۆرینەی ئەوانەی روودەکەنە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە بە دۆلاری ئەمەریکی. بۆ دووەمجار لەماوەی دوو مانگی رابردوودا دراوی ئەمەریکی بەرامبەر بەدراوی عێراقی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
بەگوتەی شارەزایانی ئابووری، دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانەی پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی عێراق و کەڵەکەبووی قەرزەکان.
دابەزینی بەھای دیناری عێراقی، نرخی شتومەک و کاڵاکانیش لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەرزدەکاتەوە، ئەوەش دوکاندار و کاسبکارانی نیگەران کردووە، بەو پێەی بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەکەکان بێ بازاری روویان تێدەکات.