لە ئەنبار هەوڵێکی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر پوچەڵ کرایەوە
سەرۆکی لیژنەکانی دەستەی دەستپاکی و ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ڕایگەیاند، 21 باڵۆنی پڕ لە ماددەی هۆشبەریان لە ئاسمانی ئەنبار خستووەتە خوارەوە.
سەعد غازی ئەلمحەممەدی، سەرۆکی لیژنەکانی دەستەی دەستپاکی و ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ڕایگەیاند، هەوڵێکی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکانیان لە سووریاوە بۆ عێراق پوچەڵکردووەتەوە.
سەعد غازی بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاندووە، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە 21 باڵۆنی پڕ لە ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەنبار بخەنە خوارەوە، ئەمە لەکاتێکدا بوو ئەو ماددە هۆشبەرانە لە سووریاوە و دەهێنرایە ناو عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو باڵۆنانەی کە بەکارهێنراون ئامێری 'جی پی ئێس'یان تێدا بووە"، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان پەنایان بۆ بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە بردووە، دوای ئەوەی نەیانتوانیوە بەڕێگەی وشکانی سنوورەکانی سووریا و عێراق ببڕن.
ڕوونیشیکردەوە، "سیستەمەکانی چاودێری عێراق هەوڵەکانی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان لە سووریاوە بۆ عێراق پووچەڵکردەوە"، جەختیشیکردەوە "هێزە ئەمنییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان و داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن بۆ ناو خاکی عێراق."
هاوکات ماوەیەک بەر لە ئێستا، فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی سنوور لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، هەوڵێکی گواستنەوەی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریان پوچەڵکردەوە، کە قاچاخچییەکان 18 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لە باڵۆنێکدا دانابوو. ئەو 18 کیلۆیەیان دابەشی سەر 98 کیسە کردبوو، کە هەر کیسەیەک هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری تێدابووە.