هۆکاری کشانەوەی سوودانی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک وەزیران ئاشکرا بوو
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، سوودانی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کشاوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2024، قوسەی مەحبووبە، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی پرۆژەکەی پرۆژەی دەوڵەتە نەک ویستی تاکەکەسی و لەو پێناوەدا لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک وەزیران لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی کشاوەتەوە."
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گوتیشی، "سوودانی لەپێناو کۆتاییهێنان بە تەماحی هەلپەرستان و چەقبەستوویی سیاسیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران کشاوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگیش سوودانییان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی وەکوو کاندیدێکی کشاوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن."
کشانەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دێت. ئامانج لەو کۆبوونەوانە یەکلاکردنەوەی تاکە کاندیدێک بوو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، سوودانی بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەرداری مافی خۆی بووە لە کاندیدبوون بۆ پۆستەکە، ئەمەش ڕێگای بۆ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، خۆش کردووە. زۆرینەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەزامەندییان لەسەر کاندیدکردنی مالیکی نیشان داوە.
شایەنی باسە، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە 20ی ئایاری 2025 لەلایەن خودی محەممەد شیاع سوودانییەوە دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە پشتیوانیکردن بوو لە هەوڵەکانی سوودانی بۆ بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
پێشتر ناوی هەریەک لە نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی و محەمەد شیاع سوودانی وەکوو دیارترین کاندیدەکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەهێنران.