خوشک و برایەک لە ڕێگەی چوونە قوتابخانە ئۆتۆمبێل لێیدان و گیانیان لەدەستدا

وێنەی خوشک و برایەکە
وێنەی خوشک و برایەکە

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، ئاماژە بەوە دەکات، لە گوندی سەرنەوس سۆران، لەکاتی چوونە قوتابخانە، ئۆتۆمبێلێک خوشک و برایەک دەشێلێت و گیان لەدەستدەدەن.

ئاکارا الیشا کیۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتژمێر یەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، خوشک و برایەک لە گوندی سەرنەوس سۆران، لەکاتی چوونە قوتابخانە، ئۆتۆمبێلێک هەردوو منداڵەکە دەشێلێت و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدەن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە قوتابییەکان پۆلی یەکە و ئەوەی دیکە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە، ئەو کەسەی خۆی پێدا کێشاوە مێر منداڵ بووە تەمەنی لە نێوان 12 بۆ 14ساڵییە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە پێکهێناوە.

لەلای خۆیەوە، عەقید هەڤاڵ مەجید عەلی، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ڕواندز بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتژمێر 1:50 خوولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، کاتێک خوشک و برایەک بەناوەکانی( زەریا زریان عەبدولڕەحمان-تەمەن 9 ساڵ و هەناسە زریان عەبدولڕەحمان-تەمەن 7 ساڵ)، لەگوندی سەرنەوسی سنووری وەرتێ بەڕێگاوە بوون بۆ ئەوەی بچنە قوتابخانەکەیان(قوتابخانەی سەرنەوس) لە گوندەکە، ئۆتۆمبێلێکی پیکاب(دێر) کە قوتابییەکی تەمەن(15) ساڵە، بە خێراییەکی زۆر لێی خوڕیووە، بەهۆکاری خێراییەکەی، ئۆتۆمبێلەکەی لە دەستی وەری گرتووە و خۆی بەو خوشک و برایەدا کێشاوە کە دەچوونە قوتابخانە، بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ڕواندز ئاشکرای کرد، شوفێرە قوتابییەکە بەپێی ماددەی 24ـی یاسای هاتوچۆ و بەپێی بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و پەڕاوی بۆ کراوەتەوە، هاوکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە.