ئیسرائیل بە چڕی باشووری لوبنانی بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی ئاسمانی کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 25 جار بۆردوومانی ناوچەکە کراوە و ئیسرائیلیش دەڵێت ژێرخانی حزبوڵڵامان کردووەتە ئامانج.

یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی توند و بەرفراوانیان کردووەتە سەر هەردوو ناوچەی (مەحمودییە و دیمەشقییە) لە باشووری وڵات. هاوکات، بۆردوومانەکان ناوچەکانی جەببور و قەترانیشی لە سنووری قەزای جەزین گرتووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی مێدیا لوبنانییەکان، تا ئێستا زیاتر لە 25 هێرشی ئاسمانی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان ئەنجام دراون.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە، کە ئیسرائیل پابەندی ڕێککەوتنی 27ـی تشرینی دووەمی 2024، نەبووە، کە لە نێوان تەلئەڤیڤ و بەیرووت واژۆ کرابوو، بۆ مەبەستی ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکان لە ناوچەکە. 

بە پێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئیسرائیل هێشتا لە چەند خاڵێکی ستراتیژی لە باشووری لوبنان ماونەتەوە و بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامی هەیە.