وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمبێلی دەرکرد

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی بۆ کارئاسانیی هاووڵاتییان دەرکرد، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی مامەڵەکانی هاتوچۆ.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی بۆ کارئاسانیی هاووڵاتییان دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکە لێخۆشبوون بۆ سزای دواکەوتنی ئەو گرێبەستە ئەلیکترۆنییانە دەردەچێت، کە لە ماوەی یاسایی 60 ڕۆژ دا،  مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارییەتییان بۆ نەکراوە. 

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەم بڕیارە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە، بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە لە کاتی دیاریکراودا ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمار بکەن، بەو مەرجەی تاوەکوو ڕێککەوتی 1ـی شوباتی 2026، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن.

فەرمانگەی میدیا زانیاری دەڵێت: ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی مامەڵەکانی هاتوچۆ بە شێوازێکی سەردەمیانە و ئەلیکترۆنی.