ساڵانە ملیۆنێک و 500 هەزار گەشتیار سەردانی دەڤەری سۆران دەکەن
بەفر و سروشتی جوانی ناوچەی سۆران و چیای کۆڕەک، بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. لەم وەرزەدا چیای کۆڕەک پڕ بووە لە گەشتیارانی شارە جیاوازەکانی عێراق و وڵاتانی بیانی کە بۆ بینینی دیمەنە بەفرینەکان و بەکارهێنانی تەلەفریک و کات بەسەربردن هاتوونەتە ناوچەکە.
گەشتیاران تەنیا لە کوردستانەوە نین، بەڵکو لە بەغدا، میسر و پاکستانەوە هاتوون و دەستخۆشی لە ئاسایش و جوانی سروشتی ناوچەکە دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لە هەر چوار وەرزی ساڵدا سەردانی ناوچەکە دەکەن.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە "پایتەختی گەشتیاری" ناسراوە. ئەمەش بەشێکە لە پلان و دنیابینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە جیهانیکردنی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.
ئەحمەد شاکر، گەشتیار لە میسرەوە هاتووەتە کوردستان و بۆ کوردستان24 قسەی کردووە و ستایشی دیمەنەکان و باری ئابووریی و ئەمنیی ناوچەکە دەکات.
فەراح عودەینی گەشتیار لە بەغداوە دەڵێت؛ هەمیشە سەردانی هەولێر و چیای کۆڕەک دەکەن چونکە زۆر جوان و خۆشە.
لیباکە تەیب گەشتیار لە پاکستانەوە هاتووە بۆ کوردستان و ئاماژە بەوە دەدات لەگەڵ هاوڕێیانی هاتووە بۆ بینینی بەفر و چێژوەرگرتن لە کەشە سارد و جوانەکەی کۆڕەک.
دیمەنی سەرنجڕاکێشی بەفر، ڕێگای دووری بۆ گەشتیاران بڕیوە و گەیشتن بە لووتکەی چیاکە لە ڕێگەی تەلەفریکەوە، یەکێکە لە ئەزموونە هەرە چێژبەخشەکان بۆ گەشتیاران.