سوید بە ملیارێک و 400 ملیۆن یۆرۆ بەرگریی ئاسمانیی بەهێز دەکات
حکوومەتی سوید ڕایگەیاند: بە 15 ملیار کرۆن کە دەکاتە ملیارێک و 400 ملیۆن یۆرۆ، وەبەرهێنان لە سیستەمی بەگریی ئاسمانی خۆی دەکات، بەتایبەتیش بۆ بەرگریی کردن لە ئامانجە مەدەنییەکان، بە پشتیوانی شارەزایانی ئۆکرانیا، بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانی ڕووسیا.
ئۆلف کرێستەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەو وەبەرهێنانە فراوانەی لەبواری بەرگریی ئاسمانیدا دەیکەن، تەواوی گەلی سوید لە مەترسی هێرشەکانی ڕووسیا دەپارێزن.
لەبارەی ئامانجە گەورەکانی ئەو وەبەرهێنانە سەربازییە، کرێستەرسۆن ئاماژەی بەوە کرد، لەڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، جگەلە پاراستنی گەلی سوید، یەکە سەربازییەکان و بنە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەیان لە ئەگەری هەر هێرشێکی ڕووسیا دەپارێزن.
سەبارەت بە وەبەرهێنانەکانی دیکە لەبارەی سەربازیدا، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕایگەیاند: پێشتر سوید بە بەهای 315 ملیۆن یۆرۆ، لەمانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، وەبەرهێنانیان لە مووشەکی دوورهاوێژ و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەیان کردووە، دەشڵێت: ئەزموونی ئۆکرانیا گرنگی بوونی ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە دەردەخات.
ئۆلف کرێستەرسۆن دەڵێت: ئەگەر ئێستا بەرگریی ئاسمانی بەشێوەیەکی سەرەکی پارێزگاری لە یەکە و ژێرخانی سەربازیی کردبێت، بەڵکو ئێستا وەبەرهێنانە نوێکانی دەیکەین، ئەوانیش دەتوانن پاریزگاری لە یەکە سەربازییەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی سوید بکات لە پرد و هێلی ئاسنین و وێستگەکانی ئەتۆمی و کارۆئاوی، لەگەڵ ئەو ناوچانەی پڕ لە دانیشتوانن.
چاوەڕێ دەکرێت ئەو وەبەرهێنانەی سوید دەیەوێت لەبواری بەرگریی سەربازیدا بیکات، یەکەم کاروانەکانی کڕینی سیستەمەکان لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026 دا بگات.