کتێبێکی نوێ دەربارەی ژیان و خەباتی سەرۆک بارزانی بڵاو دەکرێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەسرین عاسی کوێخا محەممەد، نووسەر؛ نوێترین بەرهەمی خۆی لەژێر ناونیشانی "مەسعود بارزانی؛ هەنگاوەکانی پێشمەرگەیەک بەرەو لووتکە" بڵاو دەکاتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر وێستگە جیاوازەکانی ژیان و تێکۆشانی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک ڕێبەرێکی کاریزمای نەتەوەیی.
نووسەری کتێبەکە ئاماژە بەوە دەدات؛ ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم بەرهەمە، ئاشناکردنی نەوەی نوێ و لاوانە بە مێژووی پڕ لە سەروەریی کورد و ناساندنی ئەو سەرکردانەی کە هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەیاندا تەرخان کردووە.
ئەسرین عاسی، کە خەڵکی گوندی (جەوە جەوە)ی سەر بە شارەدێی شوانی پارێزگای کەرکووکە، دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەی دەڵێت: "هەوڵمداوە پانتاییەکی فراوان بۆ ژیان و خەباتی ئەم سەرکردە خۆنەویستە تەرخان بکەم، تاوەکو لاوانمان لە ڕێگەی خوێندنەوەوە هۆشیار بن و بزانن کە کورد خاوەنی سەرکردەی کاریزمایە و تەواوی بنەماڵەکەشی لە ڕۆژە سەختەکاندا قاڵبووی خەبات و بەرخودان بوون."
کتێبەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە داستان و سەروەرییەکانی پێشمەرگە و سەرکردایەتی کورد، گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە شوناسی نەتەوەیی ئێمە بەستراوەتەوە بەو خەباتە بێوچانەی دەیان ساڵە بەردەوامە. نووسەر هیوا دەخوازێت ئەم کتێبە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەوەی تاک بە تاکی کۆمەڵگە، بە وردی شارەزای هەنگاوەکانی ژیانی ئەم تێکۆشەرە ماندوونەناسە بن.
هەروەها ئەم بەرهەمە لە کاتێکدایە ناوەندیی ڕۆشنبیریی کوردی پێویستییەکی زۆری بە دۆکیۆمێنتکردنی مێژووی زیندووی سەرکردەکان و قۆناغەکانی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی هەیە، تاوەکو وەک وانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە.