حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی خولی پیشەییەوە دەرگای بازاڕی کار بەڕووی گەنجاندا دەکاتەوە
سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پیشەیی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کردنەوەی خولی جۆراوجۆرەوە، بوونەتە دەروازەیەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و گۆڕینی ژیانی سەدان گەنج لە بێکارییەوە بۆ بوون بە خاوەنکاری سەربەخۆ.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، ئەم خولانە کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، تەنیا هەنگاوێکی ڕۆتینی نین، بەڵکو بەپێی پێداویستیی بازاڕ و دیراسەی ورد ئەنجام دەدرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە بازاڕی کاردا هەن.
عەبدوڵڵا محەممەد، نموونەی زیندووی کاریگەریی ئەم خولانەیە. ئەو کە تا تەمەنی 34 ساڵی بێکار بوو، لە ساڵی 2024 بڕیاریدا بەشداری لە خولی "بەستنی کامێرای چاودێری" بکات.
عەبدوڵڵا دەڵێت: "نزیکەی 45 ڕۆژ لە خولەکە بووم و فێری پیشەکە بووم. ئێستا سوپاس بۆ خوا خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆمم و تەنانەت 4 بۆ 5 هاوڕێی خۆشم فێرکردووە کە ئێستا ئەوانیش بوونەتە وەستا و کرێکاریان خۆیان هەیە."
دلاوەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری سەنتەری خولی ڕاهێنان و پیشەیی لە هەولێر ڕایگەیاند، کردنەوەی خولەکان بەپێی لێکۆڵینەوە لە بازاڕی کار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، خولەکان بە دوو شێواز بەڕێوەدەچن؛ بەشێکیان لەسەر بودجەی حکوومەت و بەشەکەی دیکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان UN و NGO بۆ چینە جیاوازەکان، لەوانە گەنجان، ئاوارەکان و دەستەبەرکردنی بژێوی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵی 2024دا، 276 کەس بەشدارییان لە خولە جۆراوجۆرەکاندا کردووە کە 168 کەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون، هەروەها لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداریی خانمان بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە کۆی 97 بەشداربوو، 80 کەسیان ئافرەت بوون.
ئەم هەنگاوەی حکوومەت بە ئامانجی دروستکردنی هێزێکی کاری لێهاتووە تاوەکو گەنجان بتوانن لە بازاڕی ئازاددا پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن.