بەرگریی شارستانی دهۆک: لە ساڵی ڕابردوو 16کەس گیانیان لەدەستداوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ڕووداو و چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی خستەڕوو، تێیدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 16هاووڵاتی و ڕزگارکردنی دەیان کەسی دیکە دراوە.
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک ڕایگەیاند: "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 16 کەس بوونەتە قوربانی، کە 10 کەسیان بەهۆی سووتان و 6 کەسی دیکەش بەهۆی خنکان لە ئاوەکاندا گیانیان لەدەستداوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد؛ تیمەکانیان توانیویانە لە چەندین ڕووداوی جیاوازدا ژیانی هاووڵاتیان بپارێزن، لەوانە ڕزگارکردنی 8 کەس لە ڕووداوی سووتان و 14 کەسی دیکە لە ڕووداوەکانی خنکان و پێکدادانی ئۆتۆمبێل.
لە لایەکی دیکەوە، بێوار عەبدولعەزیز تیشکی خستە سەر چالاکییە مەیدانییەکانیان و ڕایگەیاند؛ تیمە تایبەتەکانیان توانیویانە 9 پارچە تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ لە ناوچە جیاوازەکان کۆبکەنەوە و پووچەڵیان بکەنەوە. هاوکات جەختی لە گرنگی هۆشیاری هاووڵاتیان کردەوە؛ لە ڕێگەی سیمینار و خولە فێرکارییەکانیانەوە لە ناوەندەکانی خوێندن بەردەوامییان پێداوە.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، بەرگریی شارستانی دهۆک داوای لە هاووڵاتیان کرد لە کاتی هەر فریاکەوتنێکی خێرا و ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (115)ـەوە بکەن بۆ ئەوەی تیمەکانیان لە کورتترین ماوەدا بگەنە شوێنی ڕووداوەکە.