داشکانی 20%ـی تابلۆ و خۆڵ و خاشک لەم مانگەدا کۆتایی پێدێت
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر: تاوەکوو 29ی ئەم مانگە، ئەوانەی قەرزارن دەتوانن لە داشکانەکە سوودمەند بن
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو وادەیەی بۆ دانەوەی قەرزی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و تابلۆ و کرێچییەکانی شارەوانی بە داشکاندنی 20% دیاریکروە 29ـی ئەم مانگە کۆتایی پێدێت.
دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، 29ـی ئەم مانگە ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە دیاریکراوە بۆ داشکاندنی 20%ـی قەرزی کرێی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک و تابلۆ هەڵواسراوەکان، ئاماژەی بەوەشکردم ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکوو ئێستا بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە ئەو بڕیارە سوودمەند بن، دەتوانن لەو کاتەی ماوە بە هەمان بڕی داشکاندن، قەرزەکانیان بدەنەوە.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی، "بەشێک لەوانەی قەرزارن، ئەوانەن کە لە ناوچەکانی پیشەسازی، نەخۆشخانەکان و شوێنە گشتییە، گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانیمان هەیە، بۆیە دەتوانن لەو کاتەی ماوە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن".
جەختی لەوەشکردەوە، دوای تەواو بوونی ئەو کاتەی دیاریکراوە بۆ داشکاندن لە کرێی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و ڕسووماتی پیشەیی و تابلۆی دووکان و شوێنەکانی کارکردن، هەروەها کرێچییەکانی شارەوانی هیچ داشکاندنێکی دیکە ئەنجام نادرێت تاوەکو لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری نوێی بۆ دەرنەکرێت.
ڕۆژی 27ـی ئاداری 2024، بە بڕیاری ژمارە 247ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە لێخۆشبوون کە قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هاووڵاتییان بە سوودی دواکەوتنەوە بە ڕێژەی 20% لە کرێی ئاو و خۆڵ و خاشاک و کرێی ساڵانەی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوێرەی هەمان بڕیار ئەم داشکاندنە ڕسووماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گشت ڕسووماتەکانی گەشتوگوزار دەگرێتەوە.