کەشناسی تورکیا هۆشداری دەداتە 41 پارێزگا

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی تورکیا ڕایگەیاند، لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران دەستپێدەکات و بەهۆی سەرماو کاریگەرییەکان لە 19 پارێزگا پشووی فەرمی ڕاگەیەنراوە و دەیان گەشتی ئاسمانی ڕاگیراون. 

دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، کەشناسیی تورکیا ڕایگەیاند، شەپۆلێکی چری بەفر و باران باکووری کوردستان و تورکیای گرتوەتەوە، هاوکات بای بەهێز کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی دەریایی و وشکانی دەبێت، هەربۆیە لە پێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، لە پارێزگاکانی سەمسوور، خارپێت، مەڕەش، دێرسم، سێواس، مەلەتی و چەولیگی باکووری کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن پشوو ڕاگەیەندراوە، هەروەها لە ناوچە بەرزەکانی دەڤەری سەرحەد ئەگەری هەرەسهێنانی بەفر و بەستنی ڕێگەکان زۆرە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، شەپۆلی توندی بەفر و باران، با و گەردەلوول چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێن. 

لە بارەی خراپی دۆخی کەشوهەواوە، کەشناسی تورکیا ڕایگەیاندووە، چەند گەشتێکی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بۆ کاتێکی نادیار هەڵوەشاوەتەوە. 

لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانیی ئەی جێت بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەواوە، 24 گەشت کە بڕیاربوو ئەنجام بدرێن، هەڵوەشێندراونەتەوە.

مه‌همه‌ت یەشیلکایا، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی ئەی جێت،  لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا لە ئیستانبوڵ و لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی باری نائاسایی کەشناسی بۆ سنووردارکردنی گەشتەکان، 24 گەشتی ڕۆژی دوو شەممە، 12ـی کانوونی دووەم کە بڕیاربوو لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن ئەنجام بدرێن، هەڵوەشێندراونەتەوە."