دهۆک.. 60 هەزار سەتڵی زبڵ بە نرخێکی پاڵپشتیکراو دابەشی سەر ماڵان دەکرێن
بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و جیاکردنەوەی پاشماوەکان بۆ پرۆسەی ڕیسایکلین، پارێزگای دهۆک پڕۆژەیەکی نوێی بۆ دابەشکردنی سەتڵی زبڵ و خاشاکی ڕاگەیاند، لەم چواچێوەیە 60 هەزار سەتڵ بە نرخێکی کەم هاووڵاتییان دەدرێت.
شێرزاد تەیب، بەرپرسی هۆبەی بەدواداچوونی پاککردنەوە و ژینگەی پارێزگای دهۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پرۆژەکە بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە بواری ژینگە پارێزی جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی کۆکردنەوەی پاشماوە وشکەکانە. ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا 20 هەزار سەتڵ دابەش کراون، کە هەر یەکێکیان توانای لەخۆگرتنی 120 لیتر خاشاکی هەیە.
سەبارەت بە تێچووی سەتڵەکان، شێرزاد تەیب ئاشکرای کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری تێچووەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بە جۆرێک تەنیا هەشت هەزار دینار لە هەر ماڵێک وەردەگیرێت و سەتڵەکانیش تا بەر دەرگای هاووڵاتییان دەگوازرێنەوە.
بەرپرسی هۆبەی بەدواداچوونی پاککردنەوە و ژینگەی دهۆک ئەوەشی خستە ڕوو، ڕۆژانە لەنێو پارێزگای دهۆک بڕی 460 تا 500 تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە، فەوتاندنی ئەو خاشاکەش بە شێوازە کۆنەکان زیانێکی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت. گوتیشی: "ئەم سەتڵانە تەنیا بۆ پاشماوەی وشک وەک کارتۆن، ئاسن، ئەلەمنیۆم و ئەو ماددانەی بۆ ڕیسایکلین دەشێن تەرخانکراون، تاوەکو دواتر سوودیان لێ ببینرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شێرزاد تەیب هۆشداری دایە ئەو ماڵانەی پابەندی ڕێنماییەکان نابن و گوتی: "ڕێنماییمان هەیە بۆ سزادانی ئەو ماڵانەی پاشماوەی تەڕ تێکەڵی ئەم سەتڵانە دەکەن، گوتیشی: تا ئێستا نەمانویستووە ڕێکاری لەم جۆرە بگرینە بەر و زبڵەکە لە بەردەم ماڵەکانیان جێبهێڵین."
ئەم هەڵمەتە وەک هەنگاوی یەکەم ماڵان دەگرێتەوە و بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا هەموو باڵەخانە و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونیش بگرێتەوە، بە ئامانجی دروستکردنی کولتوورێکی نوێی ژینگەیی لە شاری دهۆک.