لێدوانی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە بۆ کوردستان24 لەبارەی کشانەوەی سوودانی

هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە شێوەیەکی فەرمی کشانەوەی سوودانی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت؛ بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سوودانی بە شێوەیەکی فەرمی لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی، لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق كشایەوە."

مەسلەماوی ئاماژەی بەوەش کرد "بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی هاوپەیمانیی ئاودانکردنەوە و گەشەپێدان و دوای سێ گەڕی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان سوودانی و مالیکی؛ دراوە." گوتیشی "مەبەست لە کشانەوەکە، کردنەوەی ئەو گرێکوێرە و چەقبەستووییە سیاسییە بوو کە لە نێو نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی پۆستی سەرۆک وەزیرانەوە هەبوو."

گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گوتی "لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک ناوی لاواز بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەهێنران، کە لە ئاستی ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی داهاتوو نەبوون، کە ئەگەریان هەیە ڕووبەڕووی عێراق ببنەوە؛ بۆیە بڕیارمان دا پشتیوانی لە کەسێکی بەهێزی وەک مالیکی بکەین."

مەسلەماوی دووپاتی کردەوە، هاوپەیمانییەکەی سوودانی بەشدارییەکی کارای لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا دەبێت و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتەکە بکەن. هاوکات داواشی لە حزبە کوردستانییەکان کرد، بەپەلە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕێکبکەون. 

هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان 45 کورسی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکیش، 30 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە. 

بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.