لەپێناو چەند دۆلارێکدا ئافرەتان و منداڵانی دیالە لەناو زبڵخانەدا ژیان دەگوزەرێنن
مردنی لەسەرخۆ لە دیالە؛ زبڵخانە نایاساییەکان هەڕەشە لە ژیانی دانیشتووان دەکەن
لە بەدواداچوونێکی نوێدا، مەترسییەکی گەورەی تەندروستی و ژینگەیی لە پارێزگای دیالە ئاشکرا دەکرێت کە تێیدا دەرکەوتووە زبڵخانەکانی "خاڵس" و "کەنعان" سەرەڕای بڕیاری فەرمی بۆ داخستنیان، بەشێوەیەکی نایاسایی بەردەوام زابڵیان لێ فڕێدەدرێت و بوونەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مەترسی بۆ سەر دانیشتووان.
بەپێی زانیارییەکانی بەدواداچوونەکە، کە لە ڕوانگەی عێراقی سەوز ىڵاوکراوەتەوە، زبڵخانەی کەنعان هەرچەندە لە ساڵی 2016ـەوە بڕیاری داخستنی هەیە و مۆڵەتی ژینگەیی نییە، بەڵام هێشتا بە بەردەوامی پاشماوەکان لەم زبڵخانەیە فڕێدەدەرێت، هاوکات سووتاندنی هەڕەمەکی زبڵەکان کە بەپێی یاسا لە 2009ـەوە قەدەغەیە، بەردەوامە و بووەتە هۆی دروستبوونی حاڵەتی تەنگەنەفەسی دانیشتووانی گوندەکانی نزیک زبڵخانەی خاڵس، بەجۆرێک ڕۆژانە منداڵان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن.
منداڵان و ئافرەتان قوربانی یەکەمن
لایەنێکی دیکەی مەترسیداری بابەتەکە، بەکارهێنانی ئافرەتان و منداڵانە لەناو زبڵخانەکاندا، وێڕای ئەوەی یاسا ڕێگری کردووە لە بوونیان لەو شوێنانە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی هەندێک لە زبڵخانەکان باجی تایبەتیان بۆ دروست کردوون بۆ ئەوەی وەک "زبڵگەڕ" بچنە ژوورەوە.
شەیما عەلوان، ئافرەتێکی تەمەن 46 ساڵە و خاوەنی 7 منداڵی بێباوکە، دەڵێت: "لەبەرامبەر تەنها 15 دۆلاردا کار دەکەم و چەندین جار ڕووبەڕووی مەترسی بوومەتەوە، تەنانەت جارێک لەناو زبڵخانەکە خەریک بوو ئۆتۆمبێل لێم بدات."
کەمتەرخەمی حکوومەتی عێراق
بەدواداچوونەکە ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی ژینگە تەنیا بە سەپاندنی سزای دارایی وازی لە بابەتەکە هێناوە، بەبێ ئەوەی هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایی توند لەگەڵ لایەنە حکومییەکان بکات، تەنانەت ئەو سزایانەی لە 2020ـەوە کراون هێشتا نەدراون.
ئامارە ترسناکەکان
ئەم دۆخەی دیالە بەشێکە لە قەیرانێکی گەورەتر لە عێراقدا، کە ڕۆژانە 50 هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە و فڕێ دەدەرێت. ئەمەش لەکاتێکدا، لەکۆی 221 زبڵخانە لە عێراق 149 زبڵخانە مۆڵەتی ژینگەییان نییە، هەروەها ڕێژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ لە 10% کەمبکرێتەوە.
ئەم بەدواداچوونە دەریدەخات کە کەلێنێکی گەورە لەنێوان یاساکانی عێراق و جێبەجێکردنیاندا هەیە، کە باجەکەی هاووڵاتییانی دیالە بە تەندروستی خۆیان دەیدەن.