ئەشواق جاف: کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت بە دەنگی زۆرینەی کورد بێت
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیدا بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی چوونە بەغدا و پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە پێشنیازەکانی یەکێتی قورسن. هاوکات هێنانە پێشەوەی ناوی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بە'تەکتیکێکی سیاسیی سوودانی وەسف دەکات و پێیوایە ئەو بابەتە کێشەکان لە پەرلەمان دەتەقێنێتەوە.
دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی میوانمانی گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو و گوتی: لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی ڕابردوو لە نێوان پارتی و یەکێتی باس لە پۆستی سەرۆک کۆمار کرا و چەند پێشنیازێک خرانە ڕوو و بڕیاردرا لە مەکتەب سیاسییەکانی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەو دوو حزبە، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوە دەدرێت ئایە بە یەک کاندید دەچنە بەغدا یان هەر دوو حزبەکە کاندیدی خۆیان دەبێت، گوتیشی: پێشنیازەکانی یەکێتیی لەو هەندێک قورسن، بەڵام هیوادارم ڕێک بکەون.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە بارەی هەڵوێستی حزبەکەی لە بارەی کاندیدی هاوبەش ئاماژەی دا، پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە چوونە بەغدا بە یەک کاندید لە بەرژەوەندی کوردستانە، جەختیشی کردەوە، پارتی دووپاتی کردووەتەوە هەر بڕیارێکی نەتەوەیی دەبێت کورد خودی بڕیاری لەسەر بدات.
لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەشواق جاف گوتی: پێم وایە ئەمە تەکتیکێکی سیاسی بێت، چونکە لایەنێکی شیعە هەیە کە ناوی لە نێو ئەو حزبانە نییە کە باس لە پێکهێنانی حکوومەت دەکەن، کە پێشتر هەڵوێستی تایبەتی لەسەر نووری مالیکی هەبووە، هاوکات هەندێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگ لەگەڵ ئەو بابەتە نین، بەڵام ڕایان نەگەیاندووە.
دەشڵێت: ئەو کێشانەی کە ئێستا باس ناکرێن، لە نێو پەرلەمانی عێراق، لە کاتی ناوهێنانی نووری مالیکی وەک کاندید بۆ سەرۆک وەزیران، بە دیار دەکەن و سەر هەڵدەدەنەوە، بۆیە پێم وایە ئەوە تەکتیکێکی سیاسییە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە.