بەرگری شارستانی هەولێر ڕێگری لە کەوتنەوەی ئاگری بازاڕی قەیسەری کرد

بازاڕی قەیسەری هەولێر
بازاڕی قەیسەری هەولێر

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند: تیمەکانیان توانیویانە زۆر بەخێرایی کۆنترۆڵی شۆرتێکی کارەبا لە ناو بازاڕی قەیسەری بکەن و ڕێگری لە دروستبوونی ئاگرکەوتنەوە بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مادی یان گیانی لێ بکەوێتەوە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 8:50 خولەک، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بۆردێکی کارەبای دوکانێک لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر سووتا، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی کە لە ناو بازاڕەکەدا جێگیر کراون، گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و نەیانهێشت شۆرتەکە تەشەنە بکات و ببێتە ئاگرکەوتنەوە، بەو هۆیەشەوە ڕووداوەکە کۆنترۆڵ کرا، هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی جەختی کردەوە، ئێستا بارودۆخەکە ئاساییە و هیچ ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ناو بازاڕی شاری هەولێر تۆمار نەکراوە.
بازاڕی قەیسەری هەولێر یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە بازرگانی و مێژووییەکانی هەولێری پایتەخت، کە بەهۆی قەرەباڵغی و کۆنیی پێکهاتەکەیەوە، هەمیشە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی لێ دەکرێت، لەبەر ئەوەش، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر تیمێکی تایبەت و هەمیشەیی لە ناو جەرگەی بازاڕەکەدا جێگیر کردووە تاوەکو لە کاتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا، بتوانن پێش تەشەنەکردنی ئاگر بگەنە شوێنی ڕووداوەکە، کە ئەمڕۆ خێرایی گەیشتنی تیمەکان هۆکاری سەرەکی بوو بۆ پاراستنی بازاڕەکە لە کارەساتێکی گەورە.