داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە فڕێدانی تەرمی ئەندامێکی ئافرەتی ئاسایشی حەلەب دەکرێت
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا دەردەکەوێت سەربازێکی حکوومەتی سووریا تەرمی ئەندامێکی ئافرەتی ئاسایشی حەلەب لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەداتە خوارەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026، داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و سەربەخۆ دەکەن.
ڕووداوەکە لە کاتی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی حکوومەت و هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب ڕوویداوە.
لە ڤیدیۆکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، چەکدارێک لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی وێرانبووەوە تەرمی ئەندامێکی ئافرەتی ئاسایشی حەلەب فڕێ دەداتە سەر شەقامەکە، لە کاتێکدا سەربازەکانی دیکە هاواری "اللە أکبر" دەکەن و سووکایەتی بە تەرمەکە دەکەن.
ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو ژنە ناوی دەنیز بووە و لەناو ئەو باڵەخانەیەدا شەڕی کردووە.
هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکەش بڵاوبووەتەوە کە تێیدا سەربازێک سووکایەتی بە تەرمی ئەندامێکی دیکەی ئاسایشی حەلەب دەکات و بە پەتێک کە بە قاچیەوە بەستراوە بەسەر پلیکانەکاندا ڕای دەکێشێت، هاوکات ئەوانی دیکە سووکایەتی پێ دەکەن. هێزە کوردییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو کوژراوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بووە.
تۆڕی مافی مرۆڤی سووریا و پلاتفۆرمی (ڤێریفای-سی) ڕایانگەیاندووە کە ڤیدیۆکانیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئەو کەسانەی تێیدا دەردەکەون ئەندامی سوپای سووریان. تۆڕەکە داوای دەرکردنی فەرمانی سەربازیی ڕوون دەکات بۆ قەدەغەکردنی هەر ڕەفتارێک کە شکۆی مردوو پێشێل بکات.
لای خۆیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ (SOHR) ڕاپۆرتی لەسەر پێشێلکاری و تاوان داوە، کە بریتی بوون لە لەسێدارەدانی مەیدانی و شێواندنی تەرم لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
محەمەد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری داد و لێپرسینەوەی سووریا ڕایگەیاند، ئەو دوو ڕووداوەی لە ڤیدیۆکاندا دەرکەوتوون دەکرێت بچنە خانەی تاوانی جەنگەوە.
ئەم ڕووداوانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا کۆنترۆڵی تەواوەتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان گرتە دەست و ئاسایشی حەلەب بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گواسترانەوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری، لە شەڕەکانی ئەم دواییەی حەلەبدا 45 سڤیل و 60 چەکدار و ئاسایشی حەلەب لە هەردوولا کوژراون.