مێدڤێدێڤ بۆ ترەمپ: ئەگەر پەلە نەکەیت، گرینلاند دەبێتە خاکی ڕووسیا
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا و سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە، هۆشداریی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر واشنتن لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند دوا بکەوێت، ڕەنگە ئەو دوورگەیە بچێتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیاوە.
مێدڤێدێڤ لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی "ئینتەرفاکس"ـی ڕاگەیاندووە؛ ترەمپ دەبێت لە هەنگاوەکانی پەلە بکات، چونکە بەگوێرەی هەندێک زانیاری، ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕیفراندۆمێکی چاوەڕواننەکراو لەو دوورگەیە ئەنجام بدرێت. مێدڤێدێڤ گوتیشی: "دەکرێت هەر 55 هەزار دانیشتووەکەی گرینلاند دەنگ بدەن بۆ پەیوەستبوون بە ڕووسیا، ئەو کاتە هەموو شتێک کۆتایی دێت و چیتر ئەستێرەی بچووک لەسەر ئاڵای ئەمەریکا زیاد نابێت."
ئەم لێدوانە توندەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جارێکی دیکە پرسی کڕین یان کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاندی هێنایە پێشەوە، کە خاکی وڵاتی دانیمارکە و خاوەن حوکمی خۆبەڕێوەبەرییە. ترەمپ جەخت دەکاتەوە واشنتن پێویستی بەم هەنگاوەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ڕاگرتنی هەژموونی ڕووسیا لە ناوچەکەدا.
دوورگەی گرینلاند بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەی لە جەمسەری باکوور، هێڵەکانی کەشتیوانی ئەتڵەسی و هەبوونی بنکە سەربازی و سیستەمە موشەکییەکانی ئەمەریکا تێیدا، بووەتە خاڵی ململانێی نێوان زلهێزەکان.
سەرەڕای ئەوەی دانیمارک و بەرپرسانی گرینلاند بە توندی داواکەی ترەمپیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ڕووسیا جەمسەری باکوور بە ناوچەیەکی بەرژەوەندیی ستراتیژیی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و بە وریاییەوە چاودێری هەر گۆڕانکارییەک لەو ناوچەیەدا دەکات. تاکو ئێستا کۆشکی سپی هیچ پەرچەکردارێکی فەرمی بەرامبەر ئەم لێدوانانەی مێدڤێدێڤ نیشان نەداوە.