سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئاشتیپارێز لە لوبنان
هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیڵ)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئیدانەی هێرشێکی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر هێزەکانیان کرد و ڕایانگەیاند؛ تانکەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست هێزە ئاشتیپارێزەکانیان کردووەتە ئامانج و ئەمەش بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە وەسف دەکەن.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی یونیفیڵ، ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاشتیپارێزان چاودێری دوو تانکی جۆری (مێرکاڤا)یان کردووە کە لە پێگەیەکی سوپای ئیسرائیلەوە بەرەو ناو خاکی لوبنان و لە نزیک ناوچەی "سەردە" پێشڕەوییان کردووە.
یونیفیل ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕێگەی کەناڵە پەیوەندییەکانەوە داوایان لە تانکەکان کردووە چالاکییەکانیان ڕابگرن، بەڵام بێسوود بووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "یەکێک لە تانکەکان سێ گوللە تۆپی لە دەمانچە سەرەکییەکەیەوە تەقاندووە، کە دوو گوللەیان تەنیا 150مەتر لە شوێنی جێگیربوونی ئاشتیپارێزەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوە".
یونیفیڵ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تەنانەت کاتێک هێزەکانیان هەوڵی گواستنەوەیان داوە بۆ شوێنێکی سەلامەت، لەلایەن تانکەکانەوە بە تیشکی "لەیزەر" شوێنپێیان گیراوە و هەڕەشەیان لێکراوە.
یونیفیڵ جەختی کردووەتەوە؛ سوپای ئیسرائیل پێشوەختە لە هەموو جووڵە و دەوریەکانیان لە ناوچە هەستیارەکانی سەر "هێڵی شین" ئاگادار کرابووەوە، بۆیە ئەم هێرشە بە پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆ و مەترسیداری بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، هەرچەندە تانکەکان دوای نیو کاتژمێر ناوچەکەیان جێهێشتووە و هیچ بریندارێک نەبووە، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزە نێودەوڵەتییەکان، پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە باشووری لوبنان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.