سەرۆکی مەکسیک: ڕێگە بە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمەریکا لە وڵاتەکەمان نادەین
کلۆدیا شینبام، سەرۆکی مەکسیک، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی بە توندی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تاکلایەنە لەلایەن واشنتنەوە لەناو خاکی مەکسیکدا ڕەتدەکاتەوە و جەختی لە پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی کردەوە.
شینبام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی نیشتمانی ڕایگەیاند: "هاوکاریی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ڕێگە بدەین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆماندا بکرێت یان لێکدانەوەی دەرەکی بەسەر مەکسیکدا بسەپێنرێت."
سەبارەت بە وردەکاریی گفتوگۆکەی لەگەڵ ترەمپ، سەرۆکی مەکسیک ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکی بەرهەمداریان هەبووە و تێیدا باسیان لە ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە. گوتیشی: "ئێمە هەمیشە جەخت لە گفتوگۆ و لێکگەیشتنی هاوبەش دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر هەڵوێستەکان بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بگۆڕێن، ئێمەش بەدوای گفتوگۆی نوێدا دەگەڕێین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان."
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەربڕی. پێترۆ ڕایگەیاندووە بەمەبەستی وەستاندنی جەنگی جیهانی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی چارەنووسی ڤەنزوێلا لە وڵاتەکەیدا، سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکانی مەکسیک و کۆڵۆمبیا لە کاتێکدایە، مەترسییەکانی دەستێوەردانی ئەمەریکا لە کاروباری وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بووەتە جێی باسی گەرمی ناوەندە سیاسییەکان، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا.