نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری: ساڵی ڕابردوو نزیکەی 11 هەزار نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکەمان کراوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی2026، بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ لەو ماوەیەدا نزیکەی 11 هەزار نەشتەرگەری جۆراوجۆر بۆ هاووڵاتییان ئەنجامدراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆی گشتیی ئەو نەشتەرگەرییانەی لە تەواوی بەشەکاندا ئەنجامدراون بریتی بووە لە 10 هەزار و 82 نەشتەرگەری. لەو ژمارەیەش، زۆرترین ڕێژە لە بەشی "چاو" تۆمارکراوە کە 2 هەزار و 650 نەشتەرگەری بووە.
لە تەوەرێکی دیکەی ئامارەکەدا هاتووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 141 هەزار و 261 هاووڵاتی بە مەبەستی پشکنین، وەرگرتنی چارەسەر و چاودێری پزیشکی، سەردانی بەشە ڕاوێژکارییەکانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری جەختی لەوەش کردووەتەوە؛ سەرجەم ئەو نەشتەرگەری و خزمەتگوزارییە پزیشکییانە بە شێوەیەکی "خۆڕایی" پێشکەش بە هاووڵاتییان کراون. هەروەها دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان پرۆسەی دابینکردنی دەرمان، پێداویستی پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەکە بە بەردەوامی بەردەست دەبێت.