گرفتار کاکەیی: هونەری کاریکاتێر دەبێت زۆر سادە و ئاسان بێت و هەموو کەسێک لێی تێبگات
کاریکاتێرست و شێوەکار، گرفتار کاکەیی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تیشکی خستە سەر گرنگی هونەری کاریکاتێر و دەکرێت بکرێتە پڕۆگرامی خوێندن و گوتی: ئاساییە کە کاریکاتێر وەکو وانەیەک هەبێت، بەڵام ئەو قوتابخانەیە زۆر زەحمەتە بتوانێت کاریکاترستێک دروست بکات، چونکە بیرۆکەی کاریکاتێریی بەهرەیەکی خوداییە و تەنیا مرۆڤە بەهرەمەندەکان دەتوانن ببن بە کاریکاتێرست.
یەکەمجار کەی بوو دەستت بەهونەری کاریکاتێر کرد؟
گرفتار کاکەیی: من هەر لە سەرەتای حەفتاکانەوە ئاشنای ئەم هونەرە ئێسک سووکە بووم، کە ئەوسا چەند ژمارەیەکم لە گۆڤارێک دەسکەوت کە لەلایەن هونەرمەند حوسێن عەلی ڕەشید بەدیاری پێی بەخشیم، لەنێو ئەو گۆڤارانەدا کۆمەڵێک کاریکاتێرم بینی زۆرم پێ جوان بوون، بەڵام نەمدەزانی چی بەو هونەر و جۆرە وێنەکێشانە دەگوترێت، ئەو گۆڤارە سەرەتا کاریکاتێریشی بڵاودەکردەوە، ئەو کاریکاتێرانە هی کاریکاتێرستێکی بەغدادی بوو بەناوی ڕائید، کە ئێستا هونەرنەرمەندێکی دیاری عێراقییە و هاوڕێیەکی خۆشەویستمە، دەتوانم بڵێم لەو ڕۆژەوە من لەگەڵ کاریکاتێردا ئاشنابووین بەبێ ئەوەی یەکتر بناسین.
هونەری کاریکاتێر لە چ وڵاتێکەوە سەری هەڵدا؟
گرفتار کاکەیی: ئەو هونەرە وەکو هێڵکارییەکی سەرەتایی لەسەر دیوار و کاغەز لە شوێنەوارە میسرییە کۆنەکاندا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، بەڵام وەکو ئەم هونەرەی ئێستا کە بەکاریکاتێر ناسراوە لەسەردەمی ڕیسانسەوە واتە سەدەی چواردە و پازدە لە ئەورووپا پەیدابووە و ناسراوە.

خەڵک بە سانایی لە هونەری کاریکاتێر تێدەگات؟
گرفتار کاکەیی: بێگومان ئەوە مەرجێکی سەرەکی ئەم هونەرەیە، هونەری کاریکاتێر دەبێت زۆر سادە و ئاسان بێت، دەبێت هەموو کەسێک لێی تێبگات، سەرباری ئاستی ڕۆشنبیریی کەسەکە.
هونەری کاریکاتێر دەکرێت بکرێت بە پرۆگرامێکی خوێندن؟
گرفتار کاکەیی: ئەگەر مەبەستتان ئەوەیە کەسێک هەبێت بتوانێت هونەری کاریکاتێر بکاتە وانەیەکی تیۆری و لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت، ئەوە دەڵێم بەڵێ هەیە و زۆریش ئاسانە، بەڵام لە وڵاتانی دیکە وانەی گرافیک هەیە کە لە هونەرە جوانەکان دەخوێندرێت، ئاساییە کە کاریکاتێر وەکو وانەیەک هەبێت، بەڵام ئەو قوتابخانەیە زۆر زەحمەتە بتوانێت کاریکاترستێک دروست بکات، چونکە بیرۆکەی کاریکاتێری بەهرەیەکی خوداییە و تەنیا مرۆڤە بەهرەمەندەکان دەتوانن ببن بە کاریکاتێرست.
ئایا تا ئێستا چەند پێشانگەت کردووەتەوە؟
گرفتار کاکەیی: من تا ئێستا زیاتر لە 25 پێشانگەم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کردووەتەوە، هەروەها بەشداریم لە چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتی لە چەندین وڵاتی جیهان کردووە.
جیاوازی نێوان پۆرترێت و کاریکاتێر چییە؟
گرفتار کاکەیی: پۆرترێت وشەیەکی بیانییە و بەواتای وێنەی کەسێتی دێت، کە بریتییە لە وێنەی دەموچاوی کەسێک، بەڵام کاریکاتێر هونەرێکی تایبەتە، کە بریتییە لە چەند هێڵکارییەکی سادە و خێرا و لەهەمانکاتدا گوزارشت لە دیاردە و باسێک دەکات، بەڵام ئەو دوو هونەرە بەشێکن لە هونەری شێوەکاری، ڕەنگە ئێوە مەبەستان لە جیاوازی نێوان پۆرترێتی کاریکاتێری و کاریکاتێر بێت، کە ئەوەیش بەهەمان شێوە بەشێکن لە هونەری وێنەکێشان و کاریکاتێر و هەر یەک لەو دوو هونەرە تایبەتمەندی خۆی هەیە.
بوونی تەکنەلۆجیا چ کاریگەرییەکی نەرێنی کردۆتە سەر هونەری تۆ؟
گرفتار کاکەیی: هەرگیز ئەو شتانە کار لە هونەرەکەی من ناکەن و ناتوانن ببنە جێگرەوەی هێڵێکی سادەی خامەکەی من، ئەوانە تەنیا بێ سەروبەرییەکیان لە فەزای هەست کردووە، بەڵام من لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەدام نەک دژیبم، هەروەها هونەری AI هونەرێکی تایبەتە و کڕیاری خۆی هەیە، هونەری کارکاتێریش ڕۆژبەڕۆژ شوێنکەوتە و مورید و لایەنگرانی لەزیادبووندایە، تەنانەت ئێستا کاریکاتێرستەکان لەجاران زۆرترن، هەروەها هونەری AI دەتوانم بڵێم زیاتر وەک لاقێکی دەسکردە بۆ ئەوانەی کە لاقیان نییە، بەڵام بۆ منێک کە هەردوو لاقم سەلامەتن هیچ پێویستم پێی نییە.
پرۆژەی نوێت هەیە؟
گرفتار کاکەیی: بێگومان پرۆژەم زۆرە، ئەو پرۆژانەی کە بە تاکەکەسی دەکرێت دەتوانم ئەنجامیان بدەم، بەڵام ئەوانەی کە پێویستیان بە لایەنی ماددییە، لە دەرفەتێک دەگەڕێم کە لایەنێک یان کەسێک هەبێت پشتگیریم بکات.
کاریکاتێرست و شێوەکار، گرفتار کاکەیی، لە 1967 لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، خولیای هونەر و وێنەکێشان دەبێت و دەیەوێت بچێتە هونەرە جوانەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی بۆیە وەرنەگیراوە و بەو هۆیەوە بایەخی بە خوێندن نەدا و دوور کەوتەوە لە خوێندن. ساڵی 1991 کەرکووک بەجێ دەهێڵێت دەچێتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە کارمەندی وەزارەتی ڕۆشنبیریی. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 دەگەڕێتەوە کەرکووک، ساڵی 2015 کوردستان جێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە هەندەران و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت، جگە لە هونەری شێوەکاری، شارەزایی لە میوزیکدا هەیە و ژەنیاری ئامێری بزق و عوودە، تا ئێستا ئاوازی بۆ چوار گۆرانی داناوە و سێیان بۆ منداڵانە.
