سبەی لە پەروەردەی پێنجوێن کرایە پشوو
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، پشووی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: بەهۆی ناجێگیری کەش و هەواو و نزم بونەوەی پلەکانی گەرما بۆ پلەی ژێر سفر، دوای ڕاوێژ لەگەڵ قایمقامی قەزای پێنجوێن و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بڕیارماندا ڕۆژی چوار شەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری بەڕێوەبەرێتیمان، پشووی فەرمی دەبێت.
دەڤەری پێنجوێن کە ناوچەیەکی شاخاوی و سەرنج ڕاکێش و جوانی کوردستانە، لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما تێیدا زۆر نزم دەبنەوە، بەشێوەیەک دەگەنە ژێر پلەی سفری، زۆر جاریش ڕێژەی زۆری بەفر بارین لەم ناوچەیە، ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاونیشتمانیان و قوتابییان دروست دەکات، هەر بۆیە ئیدارەی ناوچەکە جگە لە ڕاگەیاندنی هۆشیاری بۆ خۆ پارێزی هاووڵاتییان لە تەندروستییان و ڕووداوەکاندا بەهۆی دروستبوونی بەستەڵەک و شەختە، هاوکات دەرگای قوتابخانەکان دادەخات بۆ ئەوەی قوتابییان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەبێت.