کۆریای باشوور.. بە جلی نیمچە ڕووت دەچنە ناو ئاوی سارد بۆ ماسیگرتن
لە ناوچەیەکی ساردی کۆریای باشوور و نزیک لە سنووری کۆریای باکوور، فیستیڤاڵێکی جەماوەریی زستانە دەستی پێکرد، کە تێیدا هەزاران بەشداربوو بە جلی نیمچە ڕووت خۆیان دەخەنە ناو ئاوی بەستوو بۆ ئەوەی بە دەستی ڕووت ماسی بگرن.
لە فیستیڤاڵی زستانەی ناوچەی هاچەن، بەشداربووان لە کەشێکی زۆر سارد و پڕ بەفردا، بەبێ بەکارهێنانی دەستەوانە و تۆڕ، دەچنە ناو ئاوەوە بۆ ڕاوکردنی ماسی. بەشێکی زۆر لە بەشداربووان سەرەڕای سەرمای تاقەتپڕووکێن، تەنیا بە تیشێرت و شۆرتەوە دەچنە ناو ئاوەکە و دوای گرتنی ماسییەکەش، هەر لەوێ ئامادەی دەکەن و دەیخۆن.
ناوچەی هاچەن تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سنووری کۆریای باکوورەوە دوورە. یەکێک لە بەشداربووان کە پێشتر لە سوپا بووە و ئەزموونی ناوچەکەی هەیە دەڵێت: پێشتر هەر لە هەمان ناوچە و لەو کەشوهەوایەدا ڕاهێنانی سەربازیمان کردووە، بەڵام لەم پێشبڕکێیەدا هەست بە سەرمایەکی زۆر زیاتر دەکەم.
جگە لە ڕاوکردن بە دەستی ڕووت، بۆ ئەو کەسانەی بەرگەی چوونە ناو ئاوەکە ناگرن، دەتوانن بچنە سەر ڕووبارێکی ناوچەکە کە بەتەواوەتی بەستوویەتی و لەوێ بە قولاب ماسی بگرن، هەرچەندە ئەم ڕێگەیە کاتی زیاتری دەوێت.
ئەم فیستیڤاڵە لە 10ی کانوونی دووەمەوە دەستی پێکردووە و تا یەکی شوبات بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەیدا نزیکەی 65 هەزار کەس سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردووە.